لە سلێمانی كارەبای 621 شوێنی بازرگانی دەبڕدرێت

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سلێمانی دەڵێت، ‏كارەبای 621 شوێنی بازرگانییان لە سلێمانی بڕیوە، بەهۆی ئەوەی قەرزی كارەبایان ‏لابووە و نەیانداوەتەوە.‏

هیوا عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سلێمانی رۆژی یەکشەممە، 25-12-2022، بە تۆڕی ‏میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئەو شوێنە بازرگانییانەی پارەیەكی ‏زۆری كارەبایان لابووە، بەهۆی نەدانەوەی پارەكەوە كارەبایان بڕاوە ‏و گوتی: “لەم ماوەیەدا 621 شوێنی بازرگانی كارەباكەیان بڕاوە. لەو ‏ژمارەیە 121 شوێنیان قیستی كارەبا قەرزدار بوون و ‏پارەکەیان نەداوەتەوە؛ بۆیە كارەباكەیان بڕاوە. ئێستا بەشێك لەوانە هاتوون ‏پارەیان داوە ‌و كارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە”.‏

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سلێمانی باسی لەوەش كرد کە ئەمڕۆ ‏یەكشەممە سەرەڕای ئەوەی کە پشووە، بەشێك لە كارمەندەكانیان لەسەر کارن بۆ ‏وەرگرتنەوەی قەرزی كارەبا ‌و چاككردنەوەی كارەبای هەندێ‌ک شوێن كە ‏كێشەیان تێدا بووە‌ و گوتیشی: “ئەگەر پێویستی كرد، لەم هەفتەیەدا ‏رۆژێكی دیكە لەسەر کار دەبن بۆ راییکردنی کاری هاونیشتمانییان”.‏

دڵخوازەكانتان