بابەکر زێباری: دۆخه‌كه‌ ئاسایی نەکرێتەوە زۆر لەئێستا خراپتر دەبێت

راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی، دۆخی ناوچە کوردستانیەکان لەڕووی ئەمنیەوە خراپە و ھەوڵدەدرێت دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و ھاوپەیمانانیش ھاوکارن و لەسەرخەتن، چونکە ئەگەر ھێزی ھاوبەش لەو ناوچانە بڵاوەیان پێ نەکرێت و دۆخەکە ئاسایی نەکرێتەوە زۆر لەوەی ئێستا ھەیە خراپتر دەبێت و باشترین چارەسەریش جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ە کە کۆتایی بە ھەموو کێشەکان دێنێت.

بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ھۆکاری زۆربوونی جمووجۆڵی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بۆشایی ئەمنی ھەیەو داعش توانیویەتی خۆی رێکبخاتەوە جارێکی دیکە، بۆیە گرنگە ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ھەموو ناوچەکان بڵاوەیان پێبکرێت و ئەو دوو لیوایەی کە دروست بوونە بەزووی لەو ناوچانە بڵاوەیان پێبکرێت نەک چاوەڕێ بکرێت تا بوودجە پەسەند بکرێت، ئەگەرنا دۆخەکە لەوەی ئێستا ھەیە خراپتر دەبێت”.

بابەکر زێباری گوتیشی: “ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە، ھەروەھا لەماوەی رابردووش کۆبوونەوە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدراوە و ھاوپەیمانانیش ھاوکارن و بەردەوام لەسەرخەتن، بۆ ئەوەی کێشەی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکان چارەسەر بکرێن، چونکە دۆخی ئەو ناوچانە زۆر خراپە، بۆیە پێویستە نەک تەنھا لە کەرکووک بگرە لە ناوچەکانی دیکەش ھێزی ھاوبەش ھەبێت بۆ ئەوەی بتواندرێت کۆنترۆڵی دۆخەکە بکرێت”.

زێباری ڕوونیشیکردەوە: “بڕیاردراوە کە لیژنەی ماددەی ١٤٠ کارابکرێتەوە و حکوومەتیش جارێ تازە پێکھاتووە، بەڵام ئەگەر ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت ھەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن، ئەگەرنا دۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوام بێت زۆر لەوەی ئێستا خراپتر دەبێت و کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە”

دڵخوازەكانتان