فارس عیسا: “ڕێکارە ئیدارییەکانی ناردنی 400 ملیار دینارەکەی بودجەی هەرێمی کوردستان تەواو بن، پارەکە دەنێردرێت

بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە، وەزیری دارایی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینارەکەی ڕاگرتبێت و جەخت دەکاتەوە، ڕێکارەکان تەواو بن، پارەکە دەنێردرێت.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ڕێکارە ئیدارییەکانی ناردنی 400 ملیار دینارەکەی بودجەی هەرێمی کوردستان تەواو بن، پارەکە دەنێردرێت.”

سەبارەت بەو دەنگۆ و زانیارییانەی باس لەوە دەکەن، وەزیری دارایی عێراق ڕێگر بێت لە ناردنی 400 ملیارەکە، فارس عیسا گوتی: “ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین، 400 ملیارەکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، چۆن بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ڕادەگیرێت؟ بە پێچەوانەوە، ڕێکاری ئیداری و دارایی تەواو بێت، دەنێردرێت و کێشەی نییە.”

هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەوەی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد، نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ  خەرجکردنی 400 ملیار دیناری بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان گەیشتە وەزارەتی دارایی عێراق و جەختی کردەوە، دوای تەواوبوونی ڕێکارە ئیدارییەکان، 400 ملیارەکە دەخرێتە سەر ئەژماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە ئەنجامی دانوستانی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، ڕۆژی 13ی 12ی 2022 بڕیاری دا پشکی هەرێمی كوردستان بۆ هەردوو مانگی 11 و 12ی ئەمساڵ بنێرێت، کە دەکاتە 400 ملیار دینار.

دڵخوازەكانتان