نێچیرڤان بارزانى: مه‌ترسییه‌كانى داعش له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ى جددى و راسته‌قینه‌ن

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/6/21 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ماتیو توله‌ر باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوه‌خته‌ى عیراق و داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ وڵات، ڕۆڵ و سیاسه‌تى ئیداره‌ى تازه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، تاوتوێ كران.

به‌ڕێز باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هاوبه‌شى و هاریكارى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كان و دۆستانى له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى هاوڕا بوو كه‌ تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانى داعش له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ى جددى و راسته‌قینه‌ن و هاریكارى و هه‌ماهه‌نگى و به‌رده‌وامیى ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان پێویستن.

نێچیرڤان بارزانى پابه‌ندیى ئه‌مه‌ریكاى به‌ به‌رده‌وامیى هاریكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌ په‌یامێكى گرنگ و مایه‌ى دڵنیایى له‌ قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان به‌ بره‌ودانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و فراوانكردنى بواره‌كانى هاریكارى و هاوبه‌شیى نێوانیان كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌دا به‌ڕێز باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا خۆشحاڵیى خۆى به‌ ده‌رچوونى خولێكى دیكه‌ى زانكۆى ئه‌مه‌ریكیى كوردستان له‌ دهۆك نیشان دا و پیرۆزبایى له‌ ده‌رچووان كرد، هه‌روه‌ها پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هه‌نگاوه‌كانى یه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌.

به‌رنامه‌ى كارى سه‌ردانى به‌ڕێز باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا بۆ‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى مه‌ڵبه‌ندێكى كه‌له‌پوورى‌ سریانى، پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.

دڵخوازەكانتان