لە کاتێکدا نرخی گەشتکردن بۆ عومرە لە هەرێمی کوردستانەوە هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتی حەج و عومرە لە کەرکووک دەڵێت، ئەوان گەشتی وشکانی بە 450 دۆلار ئامادە دەکەن و هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانیان دەکەن.
هێمن عەبدوڵڵا، خاوەنی کۆمپانیایەکی حەج و عومرە لە کەرکووک ڕایگەیاند:” ئێمە گەشتی عومرە لە رێگەی وشکانییەوە رێکدەخەین بە 450 دۆلار، کە لەگەڵ گەشتەکەدا لەسەر هەمان پارە هۆتێل و هاتووچۆی نێو شارەکان دابینکراوە، کەسانێکیش خزمەتگوزاریی باشتر و زیاتریان بوێت نرخەکەی دەبێتە 550 دۆلار.”
گەشتی وشکانیی بۆ سعودییە 25 بۆ 30 کاژێر کاتی دەوێت.
نرخی عومرەکردن لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئاسمانییەوەیە، گەیشتووە زیاتر لە هەزار دۆلار و رێگەی گەشتکردنی وشکانیی نادرێت.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان گوتی:” تاوەکو ئەمڕۆش رێگە بە گەشتی وشکانیی نادەن؛ لەبارەی هۆکارەکەشییەوە گوتی: “دڵنیانین لە سەلامەتی گیانی عومرەکاران بە رێگەی وشکانی و رێگەیەکی ترسناکە.”