گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان: نابێت ئەم دۆخەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، نابێت ئەم دۆخەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت و دەبێت کێشەکان چارەسەر بکەین. دەشڵێت: وەڵامی نامەکەی یەکێتییان داوەتەوە و “نەرمی نواندنێک لەم چەند رۆژەی رابردوودا هەبووە و وەکو پارتی ئامادەین لەگەڵ یەکێتی کۆببینەوە.”

رۆژی سێشەممە 13-12-2022 ، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و هەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەکان راگەیاند ” ئێستا دۆخێک هاتووەتە پێش رەنگە ئێمە پەسندی نەکەین، چونکە ئەو گرژییانەی هەیە لە قازانجی پرۆسەی سیاسی و پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا و وڵاتاندا نییە.”

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە کە دەبێت ئەوان لەگەڵ لایەنەکان دابنیشن و کۆبوونەوە و گفتوگۆ بکەن “بۆئەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشانەی بیدۆزینەوە کە هەمانە، هەروەها چارەسەر بۆ ئەو تێبینیانە بدۆزینەوە کە ئێمە و ئەوان [ یەکێتی] هەیانە.”

پێشتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نامەیەکیان ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کردبوو، مەحموود محەممەد دەڵێت، ” ئەوانیش نامەیەکمان بۆ ئێمە ناردووە، بەڵام نابێت لە راگەیاندنەکانەوە ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی بکەین، چونکە پێمانوایە ئەوان چەند تێبینییان هەیە ئێمەش لەوە زیاتر تێبینیمان هەیە.”

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و دانیشتن لەگەڵ یەکێتی بە چارەسەر ناودەبات و ئاماژە بەوەش دەدات کە لە وەڵامی نامەیەکدا کە بۆ یەکێتیان ناردووە “ئێمە ئامادەن بۆ کۆبوونەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی یەکێتیمان لەوبارەوە پێنەگەیشتووە.”

دڵخوازەكانتان