شاخەوان عەبدوڵڵا: لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەیە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دیدار و گفتوگۆی باشیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئەنجامداوە و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوانیان هەیە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: “کۆمەڵێک دیدار لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی حکومەتی عێراق کراوە، کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردووشیان باش بووە و هەنگاوی باشیان بڕیووە، پێشبینی دەکەین پڕۆژەیاسای بودجە بە رەزامەندی هەردوولا بێتە پەرلەمان، ئەوکات ئێمەش پاڵپشتی لەو رێککەوتنە دەکەین کە لەنێوان هەردوولادا دەکرێت”.

لە 10/12/2022، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی چووە بەغدا، لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، ئەمە جاری دووەمە شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێم و پرسی بودجە و ماددەی 140 و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ سەردانی بەغدا دەکەن.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەریەک لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا پێکهاتووە.

دڵخوازەكانتان