راوێژکاری ئەڵمانیا: کارئاسانی لە یاسای کۆچبەران قەیرانی نەبوونی دەستی کارمان ناهێڵێت

راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، دەکرێت وەرگرتنی پەنابەری زیاتر و کارئاسانی لە سیستمی وەرگرتنی پەناخوازان، وڵاتەکەی لە قەیرانی کەمیی دەستی کار دەرباز بکات و ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیاش بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە کۆڕبەندیی سیتیزن لە شاری پۆستدام لە نزیک بەرلین رایگەیاند، ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا لە هەوڵدایە کرێکار و دەستی کاری بیانیی زیاتر بباتە وڵاتەکە “تاوەکو بتوانن ئابووریی وڵاتەکە بە سەقامگیری بهێڵنەوە.”

بە گوتەی راوێژکاری ئەڵمانیا، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئەڵمانیا کەسانی بەتەمەنن، ئەوان چاوەڕوان دەکەن، تاوەکو ساڵی 2070، ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە بە رێژەی 7% زیاد بکات.

شۆڵتز ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیا لە چەند ساڵی رابردوودا، ژمارەی دانیشتووانی وڵات تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە 84 ملیۆن کەس؛ پێشبینیشی کرد لە چەند دەیەی داهاتوودا ژمارەی دانیشتووان بگاتە 90 ملیۆن کەس.

حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، پلانیان هەیە بۆ وەرگرتنی زیاتری کۆچبەران، ئەوەش بۆ بووژاندنەوەی زیاتری ئابووریی وڵاتەکە و راکێشانی زیاتری کرێکاری بیانی بەتواناتر؛ هەروەها لابردنی هەندێک لەو گوشارانەی کە لەسەر سیستمی خانەنشینانی ئەڵمانیا هەیە کە ئەو وڵاتە بە کۆمەڵگەیەکی بەتەمەن ناسراوە.

مانگی رابردوو حکومەتی ئەڵمانیا هەمواری لە یاسای وەرگرتنی پەناخوازان کرد، ئەوەش وەکو هەنگاوێک بۆ کردنەوەی زیاتری بازاڕی ئەڵمانیا و راکێشانی کرێکاری زیاتر لە دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ نێو ئەو وڵاتە.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، گۆڕانکارییە نوێیەکانی سیستمی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەڵمانیای ئاشکرا کرد و رایگەیاند، وەرگرتنی وڵاتینامەی لە هەشت ساڵەوە کردە پێنج ساڵ. هەروەها لابردنی هەندێک رێکاری تووندی لەسەر ئەو کۆچبەرانە هەڵگرت کە هەڵگری وڵاتینامەی دووەمن.

دڵخوازەكانتان