نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێت دەرفەتی زیاتر بە ئافرەتان بدرێت

نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی 70 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ده‌بێت پشتیوانیی زیاتر لە رۆڵ و بەشداریی کارای ئافرەتان بکرێت و دەرفەتی زیاتریان پێبدرێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگاکەمان.

لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی هاتووە: “یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدار و رۆڵێکی کاریگەره‌ له‌ خەباتی نیشتمانيدا و یەکێك لە پێشەنگانی خەباتی مەدەنی و رێکخراوەیى و هەمیشە ناوەندێکی ديارى پێگەیاندنی تێکۆشەران بووه‌ لە ئافرەتانی قوربانیدەر و سەرکردە لە بوارى مەدەنی و سیاسی و پەروەردەیی و فەرهەنگيى كوردستاندا”.

نێچیرڤان بارزانی لەو پەیامەدا نووسیویەتی: “ئافرەتانی کوردستان سەلماندوویانە کە لە سەرجەم بوارەکاندا خاوەن بەهرە و توانا و لێهاتوون، ده‌بێ پشتیوانیی زیاتر لە رۆڵ و بەشداریی کارايان بکرێت و دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگاکەمان. هەر بەم بۆنەیەوە، پشتیوانیی تەواومان بۆ يه‌كێتيى ئافره‌تانى كوردستان دووپاتدەکەينەوە لە خەباتی رێکخراوەیی و مەدەنیيان بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری یەکسانی لەپێناو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی سەردەمیانەدا”.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی:

لە (70)هەمین ساڵیادی دامەزراندنيدا، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم، هيواى سه‌ركه‌وتن و پێشکەوتنی به‌رده‌واميان بۆ ده‌خوازم.

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدار و رۆڵێکی کاریگەره‌ له‌ خەباتی نیشتمانيدا و یەکێك لە پێشەنگانی خەباتی مەدەنی و رێکخراوەیى و هەمیشە ناوەندێکی ديارى پێگەیاندنی تێکۆشەران بووه‌ لە ئافرەتانی قوربانیدەر و سەرکردە لە بوارى مەدەنی و سیاسی و پەروەردەیی و فەرهەنگيى كوردستاندا.

دامه‌زراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان به‌رله‌ (70) ساڵ، زاده‌ى هەبوونی بیری یەکسانیخوازییە لە ڕوانگە و بیروباوەڕی بارزانیی نه‌مر و پارتی دیموکراتی کوردستاندا، هه‌روه‌ها بەڵگەی بڕوابەخۆبوون و زیندوویەتیی ئافرەتانی کوردستانە لە بینینی رۆڵی بەرپرسیارانەیان لە مێژووی گەلەکەماندا.

ئافرەتانی کوردستان سەلماندوویانە کە لە سەرجەم بوارەکاندا خاوەن بەهرە و توانا و لێهاتوون، ده‌بێ پشتیوانیی زیاتر لە رۆڵ و بەشداریی کارايان بکرێت و دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگاکەمان.

هەر بەم بۆنەیەوە، پشتیوانیی تەواومان بۆ يه‌كێتيى ئافره‌تانى كوردستان دووپاتدەکەينەوە لە خەباتی رێکخراوەیی و مەدەنیيان بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری یەکسانی لەپێناو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی سەردەمیانەدا.

بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

دڵخوازەكانتان