رۆژنامەنووسێکی ئەمەریکی لە یاریەکەی ئەرجەنتین و هۆڵەندا گیانی لەدەستدا

درەنگانی شەوی رابردوو لەکاتی رووماڵی یاری نێوان ئەرجەنتین و هۆڵەندا لە جامی جیهانی 2022 لە قەتەر، گرانت واڵ، رۆژنامەنووسی ئەمەریکی بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.

بە گوتەی یەکێتی تۆپی پێی ئەمەریکا، ئەو رۆژنامەنووسە لەماوەی رابردوودا لەکاتێکدا کە لە قەتەر بووە، بەهۆی ئەوەی جلوبەرگەکەی دروشمی هاورەگەزخوازی لەسەر بووە، لە یاری نێوان ئەمەریکا و وەیڵز رێگەی پێنەدراوە بچێتە یاریگە.

سەبارەت بە کاتی مردنەکەی، رادیۆی “ئێن بی ئاڕ”ـی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی یاری نێوان ئەرجەنتین و هۆڵەندا، لە شوێنی تایبەت بە رۆژنامەنووسەکان کەوتووە بە زەویدا و پێش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی گشتی حەمەد، ستافی پزیشکی فریاگوزاری سەرەتاییان بۆ ئەنجامداوە.

بە گوێرەی رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی، وادیارە مردنەکەی گرانت واڵ بە “جەڵتەی دڵ” بووە.

گرانت واڵ لە گۆڤاری “سپۆرتس ئیلاسترایتد” وەک پسپۆڕێكی تۆپی پێ کاری کردووە و دواتر لە ساڵی 2021 چووەتە کەناڵی “سی بی ئێس سپۆرتس”ـی ئەمەریکی، ئەمساڵیش بۆ رووماڵی یاریەکانی جامی جیهانی 2022 سەردانی قەتەری کردووە.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، وەزارەتەکە لە “پەیوەندییەکی نزیکدا”یە لەگەڵ خێزانی واڵ. هەروەها رێکخەرانی مۆندیال لەلای خۆیانەوە رایانگەیاندووە، لە پەیوەندیدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ دڵنیابوون لەوەی پرۆسەی گەڕاندنەوەی تەرمی مردووەکە بەپێی خواستی خێزانەکەی بێت. 

دڵخوازەكانتان