پێدانی کارەبای مۆلیدە کەم دەکرێتەوە

پێدانی کارەبای مۆلیدە بە هاووڵاتییان لە هەولێر دوو کاتژمێر کەم دەکرێتەوە. بەرپرسێکی مۆلیدە ئەهلییەکانیش ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئەو بەرنامەیەوە پارەی کارەبای مۆلیدە کەم دەبێتەوە

لیژنەی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە: “ئاگاداری خاوەن مۆلیدەکانی ناوشاری هەولێر و دەوروبەری دەکەینەوە، کە گۆڕانکاری لە بەرنامەی پێدانی کارەبای مۆلیدەكاندا دەکرێت”.

لەبارەی بەرنامەکەوە جەخت کراوەتەوە، پێدانی کارەبای مۆلیدە بەم شێوە دەبێت:

6:30ی بەیانی تاوەکوو 8:30ی بەیانی.

1:00ی نیوەڕۆ تاوەکوو 1:00ی شەو.

ڕۆژانی پشوو و هەینی، كارەبای مۆلیدە بەم شێوە دەبێ:

کاتژمێر 10:00ی بەیانی تاوەکوو 1:00ی شەو دەبێت.

لیژنەی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەهلییەکان ئاشکرایشی کردووە: “ئەو کاتانەی لە خشتەکە دیاری کراون، هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی نەبوو، دەبێت مۆلیدە کار بکات”.

لەم بارەیەوە، ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، ڕاگەیاند: “داواکارییەکی زۆری خەڵک هەبوو، كە پێدانی کاتژمێرەکانی مۆلیدە کەم بکەینەوە، بۆیه کار بەو بەرنامەیە دەکرێ و پارەش کەم دەبێتەوە.”

جەختیشی کردەوە، بەهۆی ئەو بەرنامەیە پارەی کارەبای مۆلیدە کەم دەبێتەوە.

ئەو بەرنامە تازەیە لە کاتێکدایه، نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ مانگی پێشوو، لە نێوان 14 بۆ 17 هەزار و 500 دینار بوو.

دڵخوازەكانتان