پشتیوان سادق: ئاسایشی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و نابێ هیچ کەسێک پەنا بۆ تیرۆر ببات

شاندی وەزاریی پارتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا، لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆ بووەوە و کردەوە تیرۆریستییەکەی رۆژی حەوتی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە شاری هەولێر و شێوەی هەڵسوکەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شار و ناوچەکان و گەڕانەوەی داهات، تەوەری گفتوگۆی نیوانیان بوو.

دوای کۆبوونەوەکە، پشتیوان سادق، شاندی وەزاریی پارتی، وێڕای ئاماژە بە تیرۆرکردنی هاوکار عەبدوڵا جاف، ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ”ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر و کوردستان قبووڵکراو نییە، بۆیە ئاسایش و سەقامگیری بەلای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هێڵی سوورە و نابێ هیچ کەسێک پەنا بۆ ئەو جۆرە کردەوانە ببات.”

پشتیوان سادق گوتیشی: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران، بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچە و شارەکانی کوردستان دەکات، هەر بۆیە پێویستە بە هەمان شێوەش ئاگای لە داهات و خەرجیی هەموو پارێزگاکان بێت.”

ئەندامەکەی شاندی وەزاریی پارتی جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ کێشەیەکی قووڵ لە ئارادا نییە و هەموو کێشەکان بە گفتوگۆ چارە دەکرێن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: “کوردستان رۆژ بە رۆژ بە بارودۆخێکی ناسکتر و دژوارتردا تێ دەپەڕێت. بەهۆی ئەم ناکۆکی و کێشانەوە، سیمای دوو ئیدارەیی زەقتر دەبێتەوە. ئەمە بۆ هەموو لایەنێکمان خراپە و زیاتر بە زیانی خەڵک تەواو دەبێت.”

گوتیشی: ”پێشنیار دەکەین لیژنەیەکی پەرلەمانی پێکهاتوو لە هەموو فراکسیۆنە جیاوازەکان، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ داهاتی هەموو شوێنەکان بکات و پێشکەشی لایەنی پەیوەندیداری بکات و ئەگەر پێویستیش بێت، بۆ رای گشتیی بخاتە ڕوو.’

دڵخوازەكانتان