پارێزگاری دهۆک: لە دوو ساڵدا زیاتر لە 560 پڕۆژە دەخرێنە خزمەت خەڵکەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 31/10/2022، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دوو ساڵدا زیاتر لە 560 پڕۆژە دەخرێنە خزمەت خەڵکەوە.

د. عه‌لى ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆک، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: ”ئێمە پێشتر بەڵێنمان دابوو هێندێک پێشکەوتن لە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریدا جێبەجێ دەکەین، لە ساڵی 2021-2022 لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دهۆک 656 پڕۆژەی جیاجیا بە گوژمەی 488 ملیار و 991 ملیۆن دینار جێبەجێ کران.”

گوتیشی: ”هەر دوای ئەوەی کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی زاخۆی کرد و قەزای زاخۆ کرا بە ئیدارەی سەربەخۆ، بڕیار درا 51 پڕۆژە جێبەجێ بکرێن کە لەو ژمارەیە 49 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و کەوتوونەتە خزمەت خەڵکەوە، دوو پڕۆژە ماون و هێشتا کاتیان ماوە کە ئەوانیش پڕۆژەی ئاوی باتیفا و پڕۆژەیەکی دیکەیە کە بە ڕێژەی 98٪ کارەکانیان کراوە.”

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش دا: ”لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئامێدییشی کرد و بڕیاری دا 105 پڕۆژە لەو دەڤەرە جێبەجێ بکرێن کە لەو پڕۆژانەش 104 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و تەنیا پڕۆژەی نەخۆشخانەی 100 تەختی ماوە.”

د. عەلی تەتەر ڕایشیگەیاند: ”لە ساڵی 2022دا ئێمە 144 پڕۆژەمان بۆ خزمەتکردنی خەڵک هەبووە، لەوانە 136 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و کەوتوونەتە خزمەت هاووڵاتییانە کە بەهاکەیان 235 ملیار دینار بووە، هەشت پڕۆژەش ماون و کاریان تێدا دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش تەواو دەبن. لە ساڵی 2021یشدا ئێمە 133 پڕۆژەمان هەبوو بە گوژمەی 90 ملیار دینار کاریان لەسەر دەکرێت و لەو پڕۆژانەش 98 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و 35 پڕۆژە ماون کە لە ساڵی نوێدا تەواو دەکرێن.”

جەختی لەوەش کردەوە: ”هەر لە ساڵی 2022دا ئێمە 378 پڕۆژەمان هەیە بە گوژمەی 164 ملیار و 400 ملیۆن دینار دروست دەکرێن و ئێستا لە 191 پڕۆژەدا کار دەکرێت و 187 پڕۆژەش لە قۆناغی تەندەریدان و لە ماوەی دوو سێ حەفتەدا دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.”

ئاشکرایشی کرد: ”11 قوتابخانەی نوێ دروست دەکرێن کە زۆربەیان 18 پۆلین و ڕەنگە لە دەڤەرێک دوو، یان سێ قوتابخانە دروست بکرێن، ئەوەش بەو واتایە نییە کە جیاوازی لە نێوان دەڤەرەکاندا دەکرێت، بەڵام بەپێی پێویستیی دەڤەرەکان پڕۆژەکان پێشکەشی خەڵکی خۆشەویست دەکرێن.”

دڵخوازەكانتان