هاونیشتمانییەکی 16 ساڵان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێران لە پیرانشار گیانی لەدەستدا

هاونیشتمانییەکی تەمەن 16 ساڵانی خەڵکی پیرانشار بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێران لە خۆپێشاندانەکان، گیانی لەدەستدا و کەسوکاری بە گریان و شیوەنەوە تەرمەکەیان بۆ گۆڕستان بەڕێکرد.

کۆمار دەرۆفتادە، خەڵکی پیرانشارە بەشداریی خۆپێشاندانەکانی رۆژی 30-10-2022ـی شارەکەی کرد. ئەو چەند کاژێر پێشتر لە ئینستاگرام لە پۆستێکدا نووسیبووی، “ئێمە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین، هەندێکمان لە جەنگ دەکوژرێین، هەندێکمان لە بەندیخانە، هەندێکمان لەسەر شەقام دەمرین، هەندێکمان لە دەریادا نقووم دەبین، تەنانەت کەژە بەرزەکانیش تۆڵەی تەنیاییان لە ئێمە دەکەنەوە، چونکە ئێمە کارمان مردنە.”

ئەو لە ناڕەزایەتییەکانی شەقامی کۆنەخانێی شاری پیرانشاردا پێکراوە. هەر لە پیرانشار دیانا مەحموودی، تەمەن 12 ساڵانیش گیانی لەدەستداوە، ئەویش رۆژی شەممە گوللـەی بەرکەوتووە و لە نەشتەرگەری دەرنەچووە.

شەوی رابردوو ناڕەزایەتییەکان لە هەندێ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو. وەکو سنە، دیواندەرە، مەریوان، مهاباد و ئیلام. 

لە ئیلام خەڵک لە بازاڕی شاردا کۆبوونەوە و، هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێران بەرەنگاریان بووەنەوە. ئەوە بووە هۆی تێکهەڵچوون لە نێوانیاندا.

دڵخوازەكانتان