“ئامارێكی مه‌ترسیداری شێرچه‌نجه‌ بڵاوكرایه‌وه‌”

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئامارە مەترسیدارەكانی تایبەت بە نەخۆشیی شێرپەنجەی راگەیاند و ئاشكرای كرد كە لە هەر 100 هەزار عێراقی، ساڵانە 80 كەسیان تووشی شێرپەنجە دەبن.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی دەنگوباسی وڵاتەكەی راگەیاند، كێشەیەك لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجەدا هەیە، ئەویش درەنگ ئاشكرابوونی حاڵەتەكانی شێرپەنجەیە، بە تایبەتیش لە شێرپەنجەی مەمكدا. 

ڕوونیشی كردەوە كە شێرپەنجە یەكێكە لە 10 یەكەمین هۆكارەكانی مردن لە عێراق و ”هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.“

بە گوتەی سەیف بەدر، شێرپەنجە كێشەیەكی جیهانییە كە لە زیادبوونیشدایە، بە جۆرێك، تەنیا لە عێراق، لە یەك ساڵدا، لە هەر 100 هەزار كەس، 80 كەسیان تووشی شێرپەنجە بوون. 

وێڕای ئەو ژمارە بەرزەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە عێراق، گوتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق پێیوایە كە ”حاڵەتە تۆماركراوەكانی شێرپەنجە لە عێراق، لە چوارچێوەی تێكڕای جیهانیدایە“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە یەكێك لە دیارترین كێشەكانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە لە عێراق ئەوەیە كە ”زۆربەی ئەو حاڵەتانەی تا ئێستاش ئاشكرایان دەكەین، لە قۆناغێكی درەنگدان وەكوو قۆناغی سێیەم و چوارەمی نەخۆشییەكە، دوای ئەوەش ئیتر ئەو نەخۆشییە بە نێو هەموو ئەندامانی جەستەدا بڵاو دەبێتەوە و چارەسەركردنی زیاتر قورس دەبێت و تێچوونیشی زیاتر دەبێ و چارەسەرەكەشی ئاڵۆزترە.“

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕوونی كردەوە، پیاوانیش ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك هەیە و گوتی: “تۆماركردنی تووشبوونی پیاوان بە شێرپەنجەی مەمك حاڵەتێكی نوێ نییە، بەڵام زۆر دەگمەنە و 1٪ی ئەو كەسانەی كە تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن، پیاون.”

هەرچەندە گوتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێ ئێستا 30 هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە وڵاتەكەدا هەن، بەڵام ئەگەر بەراوردی تۆماركردنی ساڵانەی حاڵەتەكانی شێرپەنجە و ژمارەی دانیشتوان بكەین كە بەپێی ئاماری ساڵی 2021 كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوی كردۆتەوە، سەرجەمی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەكە 41 ملیۆن و 190 هەزار و 658 كەسە، ئەوا دەردەكەوێت كە تەنیا لە یەك ساڵدا، دەوروبەری 33 حاڵەتی شێرپەنجە لە عێراق تۆمار دەكرێت كە بە ڕای پسپۆڕان، ئەمە ژمارەیەكی یەكجار مەترسیدارە. 

دڵخوازەكانتان