“سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدای داوه‌”

دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق ئاشکرایکرد، لیژنەکانی ماددەی 140 کارا دەکرێنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستووریانە، سەرۆکی بۆردی ماددەی 140 لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەمە کرانەوەیەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ماددەی140ی دەستوور و سودانی بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدای داوە.

دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی 140 لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، راگەیاند: کاتێک محەمەد شیاع سودانی کاندید کرا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردوو لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت و سەرکردایەتی کورد بەگشتی کۆبووەتەوە، تا لاپەڕەیەکی نوێ بکرێتەوە بەھۆی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کورد بەشداربێت لە حکوومەتی نوێ لەبەرامبەردا کێشەکانی ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن، لە وەڵامی داواکاریەکانی ھەرێم بەڵێنی ئەوەیانداوە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا قۆناغ بەقۆناغ چارەسەر بکرێن لەوانەش پرسی نەوت و ماددەی 140ی دەستووری عێراق و پرسی بوودجە.

سەرۆک بۆردی ماددەی 140 ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووه‌: یەکەم ھەنگاو بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور کاراکردنەوەی لیژنەکانی تایبەت بەو ماددە دەستووریە لە بەغداوە دواتر لە ھەموو پارێزگاکان ئەو لیژنانە کارادەکرێنەوە، ئەمە ھەنگاوێکی باشە و بەشێک لەو گرێکوێرانەی نێوان ھەرێم و بەغدا دەکرێنەوە، ئێمە دڵەو ڕاوکێشمان ھەیە لەبەر ئەوەی ھەموو حکوومەتەکانی رابردووی عێراق ھاتنە ھەرێم و بەھاوکاری سەرۆک بارزانی پیکھاتن و بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکرد.

دژوار فایەق ڕوونیکردەوە: ئەوەی جیاوازە ئەمجارە زۆر ھەوڵیاندا لەرێی ئابووریەوە کاریگەری بکەنە سەر ھەرێمی کوردستان و تەنانەت لە16ی ئۆکتۆبەر شەڕیان کرد، کەچی عێراقی بەرەو رەوشێکی ئالۆز برد، پێموایە کرانەوەیەک دەبێت لەنێوان ھەولێر و بەغدا بەشێکی ئەو بەڵێنانە جێبەجێدەکرێن، بەڵام دەگاتە ئەوەی ھەموو ئەو پرسانەی ئێمە دەمانەوێ جێبەجێ بکرێن، ئەوە بۆ رۆژگار بەجێی دێلین، پێویستە کورد یەکڕیز بێت و بەیەک پاکێج لەسەر بنەمای دەستوور داوای ئەوە بکەن کێشەکان بەگوێرەی دەستوور جێبەجێ بکرێن.

دڵخوازەكانتان