مەسرور بارزانی پاڵاوگەی لاناز بەگەڕدەخات و داوایەك ئاراستەی حکومەتی داهاتووی عێراق دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی بەگەڕخستنی پاڵاوگەی نەوتی لاناز، پاڵاوگەکەی بە زۆرپێشکەوتوو و لەسەر بنەمای ستاندەری جیهانی ناوهێنا و دەستخۆشی لە کۆمپانیای لاناز و وەبەرهێنەرانی کرد.  

ئەمڕۆ (چوارشەممە 26ـی تشرینی یەکەم) بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ناوخۆیی و دیپلۆماتی چەند وڵاتێکی بیانی، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پاڵاوگەی نەوتی لانازی بەگەڕخست.

سەرۆکوەزیران رایگەیاند، جگە لەوەی هاووڵاتیان لە بەرهەمەکانی ئەو پاڵاوگەیە سوودمەند دەبن، پاڵاوگەکە بووەتە شوێنێک بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار و ئەمەش یەکێکە لەو بەرنامانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتگیری لێدەکات.

پاڵاوگەی لاناز لەسەر رووبەری نزیکەی 620 دۆنم زەوی دروستکراوە و دەکەوێتە سەر رێگەی گوێر لە رۆژئاوای شاری هەولێری پایتەخت. ئەو پاڵاوگەیە رۆژانە توانای پاڵاوتنی 75 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە.

مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا، ئاماژەی بە دوڵەمەندیی هەرێمی کوردستان لە رووی سامانی سروشتییەوە کرد و گوتی: رژێمەکانی پێشوو تەنها بۆ خۆپڕچەککردن و چەوساندنەوەی خەڵک و خاپوورکردن، سوودیان لەو سامانە وەردەگرت، بۆیە ئێمە تا پێش راپەڕین نەمانتوانی سوود لەو نیعمەتە خواییە ببینین.

سەرۆکوەزیران گوتی: دواتر دەستوور نووسرا و چاوەڕێ بووین دەسەڵاتدارانی بەغدا دەستوور وەک خۆی جێبەجێبکەن، بەڵام بەداخەوە ئەمە نەکرا و دەستوور لە بەرژەوەندی هەندێ کەس جێبەجێکرا و خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لێی سوودمەند نەبوون.

لە گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە سامانەکانی عێراق کرد و گوتی “لە عێراق سامانێکی باش هەیە، بەڵام ئیدارەدانێکی خراپ هەبووە” مەسرور بارزانی، هاوکات لەگەڵ دووپاتکردنەوە لەوەی “پێشێلکردنی دەستوور یەکێک لە هەڵەکان بووە کە تا ئێستاش بەردەوامە، گوتی: هیوادارین دوای دەستەبەکاربوونی حکومەتی نوێی عێراق، یاسایەک بۆ نەوت و غاز ئامادەبکەین و لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسندبکرێت و لە خزمەتی خەڵکدا بێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی پاڵاوگەی نەوتی لاناز و رەچاوکردنی دۆخی ژینگە، گوتی: پێویستە لە هەموو پرۆژەکاندا رەچاوی ژینگەپارێزی بکرێت.

دڵخوازەكانتان