وەزارەتی پەروەردە: بەدەرکردنی یاسای نوێ، پەروەردە دەکەوێتە سەر سکەی خۆی

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، بە دەرکردنی یاسای پەروەردە کە ئێستا لە پەرلەمانە وەزارەتی پەروەردە دەخاتە سەر سکە و بەڕێوەبردنی پەروەردە دەبێت بە یاسا کە ئەوکات بەپێی یاسا مامەڵە بکرێت، نەک ڕێنماییەکان.

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سەیوان فەرج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”پڕۆژەیاسای پەروەردە ئێستا لە پەرلەمانی کوردستانە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و کۆمەلێک پەرلەمانتار بۆچوونیان لەسەری هەیە و چاوەڕێ دەکرێت هەندێک گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، چونکە زۆر بۆچوون و پێشنیار و داوای گۆڕانکاری هەیە، بەڵام تا ئێستا خوێندنەوەی سێیەمی بۆ نەکراوە، بۆیە پێویستە لیژنەی یاسایی و لیژنەی پەروەردە لەگەڵ لیژنەی وەزارەتی پەروەردە دانیشن و چی بەپێویست دەزانن گۆڕانکاریی تێدا بکرێت و بڕیاری لێ دەدرێت، پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.”

دکتۆر سەیوان فەرج گوتیشی: ”پێش ئەوەی دەنگ لەسەر یاساکە بدرێت کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕای ئێمەش وەربگرن لە هەر گۆڕانکارییەک، چونکە هەر گۆڕانکارییەک لەگەڵ ئێمە نەگونجێت، بۆیان شی دەکەینەوە کە چۆنە و بە چ شێوەیەکە بۆ ئەوەی یاسایەکی ڕێکوپێک بێت و جێبەجێ بکرێت.”

فەرەج باسی لەوەش کرد: ”ئەم یاسایە دەربکرێت و پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات و پەسەندی بکات و ببێتە یاسا وەزارەتی پەروەردە دەخاتە سەر سکە و بەڕێوەبردنی پەروەردە دەبێت بە یاسا و وەزیریش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە بەپێی یاسا مامەڵە بکرێت نەک ڕێنماییەکان، چونکە لەبەر ئەوەی یاساکە نییە زۆر شت بە ڕێنمایی دەکرێت، بەڵام کە یاساکە دەرچوو ئەوکات بەپێی یاسا مامەڵە دەکرێت، هەر بۆیەش ئێمە 12 ڕۆژ لە پەرلەمان بووین و دەیان دانیشتنمان کردووە و زۆر کارمان لەسەر کردووە بۆ ئەوەی یاساکە دەربکرێت و پەسەند بێت.”

دڵخوازەكانتان