بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ده‌نگۆیه‌ك ره‌ت ده‌كاته‌وه‌

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لەوە دەكەن، ئامێرەكانی تۆماركردنی سەرپێچی و مەینۆشی لەكاركەوتوون و كشێنراونەتەوە و داوا لە شۆفێران دەكات بەردەوامبن لە پابەندبوون بە یاسا.
بەڕێوەبەرایەتییەكە لە رونكردنەوەیەكدا ئاشكرای كردووە، لە چەند پەیج و ماڵپەڕێك هەوالێك بڵاوبووەتەوە دەربارەی لەكاركەوتنی ئامێرەكانی تۆماركردنی سەرپێچی هاتووچۆیی PDA و كشاندنەوەی سەرجەم ئامێرەكانی تێستی مەینۆشی لە مەفرەزەكانی هاتووچۆ.
بەپێی رونكردنەوەكە، ئەو هەواڵە نادروستە لەبەرئەوەی یاسای هاتووچۆ رێگای داوە بە تۆماركردنی سزای سەرپێچی هاتوچۆ لە كاتی بینینی ئەو سەرپێچییانە لەلایەن ئەفسەرانەوە بە پسووڵە تۆماری دەكەن، لەكاركەوتنی هەر ئامێرێكی سزای سەرپێچی ئاماژەپێدراو هیچ كاریگەری ناكاتە سەر كاروباری هاتووچۆ.
هاتووچۆی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەبارەت بە كێشانەوەی سەرجەم ئامێرەكانی تێستی مەینۆشی بەهیچ شێوەیەك ئەم هەواڵە راست نییە و سەرجەم ئامێرەكان كاران و پاڵپشت بە یاسا لەكاتی پێویستدا بەكار دەهێندرێن، داواكارن لە شۆفێران بایەخ نەدەن بەم جۆرە هەواڵە چەواشەكارییانە و بەردەوام بن لە پابەندبوونیان بە یاساو رێنماییەكانی هاتوچۆ.

دڵخوازەكانتان