ئەندامێكی لیژنەی سامانە سروشتیەکان له‌ په‌رله‌مان:تاوتوێی پرسی دابەشکردنی نەوت و نرخەکەی دەکەین

کۆتایی ھەفتەی رابردوو پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانه‌وه‌ دەستی پێکردووە و ئەندامیکی لیژنەی سامانە سروشتیەکانیش دەڵێ، نرخی نەوتی ماڵان زۆرە و لیژنەکە لەبارەی نرخی نەوتی ماڵان کۆدەبێتەوە.

بەختیار شوکری ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتیەکان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵانی ئەمساڵ بەپێی پلانێکی باش لەکاتی خۆی دەستی پێکردووە، بەپێی بڕیاری حکوومەت ١٠٠ ھەزار دینار لەبەرامبەر پێدانی ٢٠٠ لیتر نەوت لە ھاووڵاتی”.

بەختیار شوکری ڕوونیکردەوە: “لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە تاوتوێی پرسی دابەشکردنی نەوت و نرخەکەی دەکەین، لیژنە پێشنیازی خۆی لەبارەی نرخی نەوت دەداتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە لایەنی جێبەجێکار نین و تەنیا پێشنیاز دەکەین”.

سەرچاوەیەکیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “ئەو نەوتەی دابەش دەکرێت بۆ پێویستی ھاووڵاتیان دەگەڕێتەوە کە حکوومەت خۆی دەیکڕێت، بەڵام بڕیارە لە بەغداوە بەشە نەوتی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و بە نرخی زۆر گونجاو دابەشی سەر ھاووڵاتیان دەکرێت”.

دڵخوازەكانتان