لە کۆبوونەوە دوو کاژێر و 38 خوولەکییەکەی بایدن و پووتین چی باسکرا؟

هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و رووسیا و شاندەکانیان لە جنێڤ بۆ ماوەی دوو کاژێر و 38 خوولەک دوو کۆبوونەوەیان ئەنجامدا. پووتین بە زمانێکی دیپلۆماسی جارێک رەخنەی لە ئەمریکا دەگرت و جارێکیش بەشێوەیەکی نەرم مامەڵەی دەکرد.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند “رووسیا و ئەمریکا بەرپرسیارێتیی سەقامگیریی ستراتیژیی جیهان لە ئەستۆ دەگرن، ئەمە بەو پێیەی ئێمە زلهێزترین وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمین. لەڕووی ژمارەی کڵاوەی ئەتۆمی و کوالێتی و پێشکەوتوویی چەکەکان، ئێمە بەو بەرپرسیارێتییانە دەزانینەوە و سەرۆک بایدنیش لەکاتی خۆی هەستی بە بەرپرسیارێتی کرد و رەزامەندیی بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی نیو ستارت بۆ پێنج ساڵی دیکە و تاوەکو ساڵی 2024 دەربڕی”.
گەرمای جنێڤ سەرۆکی ئەمریکای ماندوو کرد، هەربۆیە چاکەتەکەی بەری داکەند و گوتی، پەیوەندیی وڵاتە خاوەن هێزە ئەتۆمییە گەورەکەی و رکابەرە رۆژهەڵاتییەکەی بەرەو پێشەوە دەچێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند “ئایا ئێمە لە جاران نزیکترین لە گفتوگۆ و پێشکەوتنێکی گەورەی سەقامگیری ستراتیژی؟ ئێمە بەو ئاراستەیە پێشکەوتنی زیاترمان بەخۆمانەوە بینیوە؟ ئەم پرسیارانە لە بواری تاقیکردنەوەدان. من لێرە دانانیشم و بڵێم لەبەرئەوەی من و سەرۆک لەسەر ئەوانە رێککەوتووین، هەموو شتێک بە جارێک سەرکەوتوو دەبێت. من ئەوە ناڵێم. ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم، ئەو تێگەیشتنە هەیە کە پێشکەوتنێکی گەورە لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات روویداوە بەبێ ئەوەی دەستبەرداری تاکە شتێک ببینەوە کە لەسەر پرێنسیپ و بەهای نێودەوڵەتی داڕێژراوە”.
کۆشکی لاگرانچ کە هەردوو سەرۆکەکە تێیدا کۆبوونەوە، بە دوورکەوتنەوەی کاروانی شاندی هەردوو وڵاتەکە (ئەمریکا و رووسیا) بێدەنگ بوو، بەڵام جیهان لە جیاوازیی قووڵ و ناکۆکیی ئەمریکا و رووسیا بێدەنگ نابێت.
دڵخوازەكانتان