لە یادی پێنج ساڵەی داستانە دوژمن بەزێنەكەی پردێ و سحێڵا
كۆڕێ، پردێ و سحێڵا، سێ كۆچكەی گۆڕینی ڕەوت و ئاڕاستەی مێژوو و گۆڕانكارییەكان
رەشید مەلاعەلی كۆلەكی
گفتۆگۆ و گەنگەشەیەكی زۆر لە نێوان دوو ڕەوتدا هەیە، كە ئایا مرۆڤ مێژوو دروست دەكات، یا مێژووە مرۆڤ بەرهەم دێنێت و دروستی دەكات، من ناچمە ناو بابەتەكەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە مرۆڤ و مێژوو ڕۆڵیان لە دروستكردن و گۆڕینی ئاڕاستە و گۆڕانكارییەكان هەیە.
ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت، گەر بڵێین لەم بابەت و پرسەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان، یا ئەگەر ڕاستگۆتر بم، ئەوە شێخ عەبدولسەلام بارزانی و خودانی بارزان و بارزانی نەمر و، جەنابی سەرۆك بارزانی بوون، كە لە زۆر وێستگەی چارەنووسساز و یەكلایی كردنەوەدا، بە بیر و بڕیارێكی سەربەخۆیانە و، ئیرادەیەكی بەهێز و پۆڵایینەوە توانیویانە ڕەوت و ئاڕاستەی گۆڕانكارییەكان بگۆڕن و، ڕەوتی گۆڕانكارییەكان بە ئاقار و ئاڕاستەی بەرژەوەندی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هیدایەت بكەن، ئەمەش زۆرجار زۆر قورس لە سەریان و پارتی و گەلی كورد كەوتووە، بەواتایەكی تر، موجازفەیان بەگیان و سەر و ژیانی خۆیان لەپێناو تۆماركردنی مێژوو بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردستان کردووە.
ڕەنگە دەرفەتی ئەوە نەبێت بەو هەموو بڕیار و هەنگاو و خۆڕاگری و بەرخودانە یەكلاكەرەوە و چارەنووسسازەكاندا بچینەوە، كە بوونەتە هۆی زیندوو مانەوەی دۆزی گەلی كوردستان و، بەردەوامی بزووتنەوەكە و مانەوەی هیوا و ئومێدی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ناو تاكەكانی كوردستاندا. هەرچەندە دونیای سیاسەت دونیای بەرژەوەندییەكانە، بەڵام ئەزموونی گەلان و خەباتی نەتەوایەتی نەتەوەكانیش ئەو ڕاستیەی سەلماندووە، كە ماف نادرێت بەڵکو دەستێندرێت، ئەم ماف ستاندنەش، بەدڵنیاییەوە پێویستی بە ئیرادە و خۆڕاگری و بەرخودان و بڕیاری گرنگ و یەكلاكەرەوە و چارەنووسساز و تەنانەت مەترسیدار هەیە، بۆ ئەوەی بتواندرێت ئاڕاستە و ڕەوتی گۆڕانكارییەكان بگۆڕدرێن، چونكە پێویستە ئەو ڕاستییە باش بزاندرێت لە سیاسەت و دیار كردن و دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكاندا، ڕەفتار لەگەڵ واقیع دەكرێت، بۆیە ئەگەر زۆر جار بە ئەمری واقیع ڕازی بیت و خۆت ڕادەستی فەرزی ئیرادە بكەیت، ئەوە ئەو مافەت دەست ناكەوێت كە پێویستە بستێندرێت.
دەرفەتی ئەوە نییە زیاتر لەبابەتەكەمان دووركەوینەوە و باس لە رووداوە مێژووییەكان بكرێت، مەبەست لەم كورتە نووسینەدا، بایەخ و گرنگی و چارەنووسسازی سێ كوچكەی هەر سێ شەڕە یەكلاكەرەوەییەكانی كۆڕێ و پردێ و سحێلایە، كە هەریەكەیان لەكات و ساتی خۆیدا توانیان ڕەوڕەوەی مێژوو و ئاڕاستەی گۆڕانكارییەكان بگۆڕن و، بە ئاقاری پێچەوانەی حەز و ویست و پیلانی دوژمنان و ناحەزانی گەلی كورد ئاڕاستە بكەن و، هەموو لاپەڕەكان پێچەوانە بكەنەوە، كە لە هەرسێ شەڕە چارەنووسسازەكەدا سەرۆك بارزانی بەشداری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی هەبوو.
شەڕی كۆڕێ لە كاتێك ڕووی دا، كە زۆربەی هاووڵاتیانی كوردستان لە كۆڕەو و بە ئاڕاستەی سنوورەكانی توركیا و ئێران لەڕێگا دا بوون و، سوپا دڕندەكەی بەعیسش بەدوایانەوە و بەبیری داگیركردنەوەی كوردستان بەرەو كوردستان لە جوڵەدابوو، کەمتر كەسێك بیری لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیان دەكردەوە بەرامبەر بەعس، زیاتر سەرقاڵی دەربازكردنی مال و منداڵەكانیان بوون.
لەو بارودۆخە هەستیار و نالەبار و چارەنووسسازەدا ژمارەیەكی زۆر كەم لە گیان لە سەردەستەكانی كوردستان كە ژمارەیان بیست و چواركەس بوو، بەفەرماندەیی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی ستۆپیان بە سوپا دڕندە و پڕ لە چەكەی بەعس كرد و داستانی كۆڕێیان بردە ناو لاپەڕەكانی مێژووەوە. شەڕی كۆڕێ هەموو بابەتەكانی گۆڕی و ئاڕاستەی ڕووداوەكانی بەئاقارێكدا برد، كە بریتی بوو لە گەڕاندنەوەی بڕوا و هیوا و متمانەی گەلی كوردستان.
دوای بیست و شەش ساڵ، مێژوو خۆی دووبارە نەكردەوە، بەڵکو ئەمە هەمان سەرۆكی پێشمەرگە بوو، كەجارێكی تر و لە بارودۆخێكی زۆر جیاوازتر و هەستیار و چارەنووسسازتر، تەنانەت پڕ مەترسیدارتر و زۆر فراوانتریش، بە هەمان ڕۆحیەت و ئیرادە و بیر و بڕوا و باوەڕە لەبن نەهاتووەكەی، داستانی كۆڕێ مێژووی نووسییەوە.
داستانەكانی پردێ و سحێلا ڕەتكردەنەوە و خۆڕادەستنەكردنی ئەمری واقیع و فەرزی ئیرادە بوو، بابەتەكە چوونە ژێر باری شكانی ئیرادە و شكۆی گەلێك، یا دانی بڕیاری بەرگریكردن و پاراستنی مانەوە و بوونی گەلێك بوو، ڕێگە و چارەی سێیەم نەبوو، ئامانج و مەبەستی پلان داڕێژەران و بەشدارانی هێرشە دوژمنكارانە بۆ سەر كوردستان، تەنیا و تەنیا سڕینەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و نەهێشتنەوەی شتێك بەناوی دۆزی سیاسی گەلی كورد بوو، بەرنامە و پیلانێكی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بوو بە پێشكەوتوو ترین چەكی ئەمریكی.
ئەوەی ڕاستی بێت قسەی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و، وەڵامی جەنابی سەرۆكی پێشمەرگە كاك مەسعود بارزانی، دوو شتی مێژوویی بیر خستەمەوە:
قسەی ئەحمەد حەسەن بەكر كاتێك دوای ڕێكکەوتننامە شومەكەی جەزایەر سەبارەت بە كێشەی كورد گوتی(و انتهت الابد ). وەڵامی سەركردایەتی كاتی كە دوای چەندمانگێك بە بەیاننامەیەك وەڵامی ئەو قسە و هەموو دوژمنانی دایەوە، كاتێك ڕایانگەیاند :(كوردستان گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتە ).
قسەی باڵیۆزی ئەمریكا كاتێك دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و هێرشە عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەكە بەچەكە پێشكەوتووەكەی وەڵاتەكەی، کە بەجەنابی سەرۆكی گوت :(ئەمڕۆ وەك دوێنی نیە).
وەڵامەئاگرین و بەهێزەكەی جەنابی سەرۆكیش كاتێك بە باڵیۆزەكەی ڕاگەیاند: (ئەمڕۆ وەك دوێنی نییە و سبەینێش وەك ئەمڕۆ نابێت ).
بەڵێ هەر سێ داستانە مێژوویی و چارەنووسسازەكانی(كۆڕێ ، پردێ و سحێلا) هەموو ئەوراقی خۆفڕۆشە ناوخۆیی و داگیركارە هەرێمی و دوژمنە نێودەوڵەتییەكانی سەرەوژێركرد و، پیلان و بەرنامەكانیانی كردە بڵقی سەرئاو و، ئەمڕۆی گەلی كورد و قەوارە و دەستكەوتەكان و بوونیشی بەرهەمی هەرسێ داستانەكەیە، کە پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی كوردستان بەفەرماندەیی و سەرپەرشتی و بەشداری ڕاستەوخۆیی سەرۆكی پێشمەرگە، جەنابی كاك مەسعود بارزانی تۆماریان كرد و، بوونە هۆی گۆڕینی ڕەوڕەوە و ڕەوت و ئاڕاستەی ڕووداو و گۆڕانكاری و پێشهاتەكان، بە ئاڕاستەی زیندو هێشتنەوەی گەلی كورد و بەخشینی هیوا و بڕوا و، پاراستنی دەستكەوتەكانی خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی گەلی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی، بە سەرمەشقكردنی خەباتی نەتەوایەتی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و خودانی بارزان و بارزانی نەمر.
لەیادی داستانە دوژمن بەزێن و مێژووسازەكانی پردێ و سحێلادا :
سڵاو لە خۆڕاگری و بەرخودانی پێشمەرگە قارەمان و گیان لەسەردەستەكانی ئەم داستانانە
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ئەم داستان و نەبەردیانە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای كورد و کوردستان و سەركاروانی شەهیدان بارزانی نەمر و شەهیدی هەردەم ساخ كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاد
سڵاو لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان