باوکی ژینا ئەمینی: جێگری پزیشکیی دادی ئێران گوتی هەرچیی لە بەرژەوەندیی وڵات بێت ئەوە دەنووسین

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی کە لەلایەن گەشتی ئیرشادی ئێرانەوە بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی لە تاران کوژرا، سەبارەت بە وەڵامی جێگری پزیشکیی دادی ئێران بۆ ئەوەی داوای کردبوو ڕاستییەکان لەبارەی مردنی کچەکەیەوە بنووسێت، دەڵێت: ”گوتی هەرچیی لە بەرژەوەندیی وڵات بێت ئەوە دەنووسین.”

ئەمجەد ئەمینی لەم بارەیەوە بە یەکێک لە هەواڵنێرانی سەربەخۆی ناوخۆی ئێرانی گوتووە: ”من تکام لە جێگری پزیشکیی دادی ئێران کرد ڕێگام پێ بدات کچەکەم ببینم، کەچی ڕێی پێ نەدام. پێم گوت تۆ سوێندت خواردوو ڕاستی بڵێیت، دەربارەی کچەکەی منیش ڕاستییەکان بڵێ.”

باوکی ژینا دەڵێت: ”جێگری پزیشکیی دادی ئێران لە وەڵامی داواکەمدا گوتی هەرچیی لە بەرژەوەندیی وڵات بێت ئەوە دەنووسین و ئەوەش هیچ پەیوەندیی بە تۆوە نییە!”

ئەمجەد ئەمینی جەختی کردووەتەوە کە لە بەرانبەر ئەو هەڵسوکەوتەی لایەنە یاساییەکانی ئێراندا بە مافی خۆی دەزانێت لێدوان و ڕاپۆرتەکانی پزیشکیی داد سەبارەت بە مەرگی کچەکەی ڕەت بکاتەوە.

ئەمینی ئاماژەی بەوەش داوە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران داوایان لە هاوسێکان کردووە بڵێن ”ژینا لە بەردەم نەخۆشخانەی کەسرا خۆی کوشتووە.”

ڕێکخراوی پزیشکیی دادی ئێران ڕۆژی 7/10/2022 بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، هۆکاری مەرگی ژینا ئەمینی ”لێدانی زەربە لە سەری و ئەندام و دەمارە ژیانبەخشەکانی جەستەی نەبووە.”

دڵخوازەكانتان