بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ: دەنگە بەرزەکەی شەوی رابردوو مووشەک بووە

بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ دەڵێت، ئەو دەنگە بەرزەی شەوی رابردوو لە سنووری ناحیەی خورماڵ بیسترا مووشەک بووە و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شوێنی کەوتنە خوارەوەی ئەو مووشەکە دۆزراوەتەوە. 

شەوی رابردوو نزیک کاژێر 11:00 لە سنووری ناحیەی خورماڵ دەنگێکی بەرز بیسترا. رۆژی چوارشەممە 19-10-2022، فەرەیدوون مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، دوای بیستنی دەنگەکە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەستیان بە کێوماڵی ئەو سنوورە کردووە کە دەنگەکەی لێ بیسترابوو.

بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ باسی لەوە کرد، دوای کێوماڵی سنوورەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە نزیک گوندی رۆستەم بەگ لە بێستانێکی شووتیدا شوێنی کەوتنی مووشەکێک دۆزراوەتەوە و تاوەکو ئێستا روون نییە مووشەکەکە تەقیوەتەوە یان نا، چونکە مووشەکەکە رۆچووەتە ناو زەوییەکە و چاوەڕوانی هاتنی تیمی ئەندازیاریی ئاسایشن بۆ لێکۆڵێنەوە لە رووداوەکە.

لەبارەی زەرەر و زیانی کەوتنی مووشەکەکە، فەرەیدوون مەحموود گوتی، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نییە و تاوەکو ئێستاش نازانن مووشەکەکە لە کوێوە ئاراستەکراوە و لە سنوورەکەدا کەوتووەتە خوارەوە. 

دڵخوازەكانتان