فازڵ میرانی :کاک بافڵ بە جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی وت من به پێشمه‌رگایه‌تیش ڕازیم ئه‌گه‌ر جه‌نابت ڕازی بیت
فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و داواکارییەکانی کورد و، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی پارتی بۆچوونی خۆی خستۆتەڕوو.
وامان لێهات هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌و ڕێكبكه‌وین و ده‌ریشمان چاند
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر پرسی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار، وتی: “به‌ڕاستی كاندیدی كورد براوه بوو، ئینجا ئه‌و كاندیده به دڵی چه‌ند كورده من ئه‌وه نازانم، ئێمه پێشتر كاندیدمان هه‌بوو، برایانی یه‌كێتی كاندیدیان هه‌بوو، جه‌نابی سهرۆکكۆماری ئێستامان و دكتۆر شێخ له‌تیفی، جاران خۆی وه‌كو سه‌ربه‌خۆ كاندید كردبوو، دیاره ڕۆژگار شانسی ئه‌و بوو، وامان لێهات هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌و ڕێكبكه‌وین و ده‌ریشمان چاند. “
فازڵ میرانی ئەوەشی وتووە، كه کاتێ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقیان هه‌ڵبژاردووە، وتوویەتی، سهرۆکكۆمارمان بۆ خه‌ڵكی تر به‌جێهێشتووه، به‌ڵام برایانی یه‌كێتی، یا نه‌یانویست خۆیان تێبگه‌یه‌نن، یان تێنه‌گه‌یشتن، ده‌بووایه بێن له‌گه‌ڵ پارتی بڵێن ئێوه ڕاتان چییه؟ خۆ به ته‌نیا كاندید ناكرێت، چۆن یه‌كلایه‌نه كاک دكتۆر به‌رهه‌میان كاندید كرده‌وه! ئه‌وان ده‌یانزانی ئێمه ڕه‌نگه به‌دڵمان نه‌بووبێت، ئێمه له‌جیاتی ئه‌وه، هه‌ڵساین كاک هۆشیارمان كاندید كرد، دادگای فیدڕاڵی داخلی بابه‌ته‌كه بوو، نایشارینه‌وه له كۆتاییدا ئێمه ڕازی بووین كاک به‌رهه‌م نه‌بێت هه‌ركه‌سێكی تر بێت له یه‌كێتی نیشتیمانی، یه‌كێتیش سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه، پێش هه‌ڵبژاردن سه‌عات 12ی شه‌ویش سه‌رۆكی كوتله‌ی په‌رله‌مانی برایانی یه‌كێتی له به‌غداد، وتی ته‌نیا كاندیدی ئێمه كاک (دكتۆر به‌رهه‌م)ە، ئێمه باش ده‌زانین شێخ له‌تیف باکگراوندهكهی یه‌كێتییه و، ئاوه‌ڵزاوای مام جه‌لاله، خێزانه‌كه‌شی كه ئێستا بۆته خانمی یه‌كه‌می عێراق، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیه و ئه‌ندامێكی چالاكه، به‌ڵام كاندیدی یه‌كێتی نه‌بووه، به‌ڵام كه كاک به‌رهه‌م نه‌بوو، ئێمه ده‌نگماندا به كاک شێخ له‌تیف داوه.
فازڵ میرانی ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بهاتنایه لای جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی و بیانوتایه وه‌رن با كه‌سێک كاندید بكه‌ین و له‌سه‌ری ڕێكبكه‌وین، ئه‌وه هه‌موو نه‌ده‌هاته‌پێش، به‌ڵام كه خۆیان به‌بێ ئێمه یه‌كلایه‌نه چوون و ئه‌و هه‌نگاوه‌یان هاویشت، (هه‌ر فعلێک ره‌د فعلێكی هه‌یه)، ئه‌گه‌ر كاره‌كه باش نه‌بوو، پەرچە کردارەکەش باش نابێت ئه‌وه قاعیده‌یه‌كی فیزیاییه، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا سیاسەتی رەدفعل ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده ڕاستیش نییه.
دووكه‌ڵی بێ ئاگر نییه
سەبارەت بە ڕێككه‌وتنێكی نهێنی بۆ دەرچواندنی دكتۆر له‌تیف ڕه‌شید، سکرتێری مەکتەبی سیاسی دەڵێ، کە ئەو له‌و ڕێككه‌وتنه ئاگادار نییە، چونكه سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دووقۆڵی دانیشتوون، “من و تۆ له‌كوێ بزانین! ئه‌گه‌ر ئه‌وان به ئێمه نه‌ڵێن ئێمه نازانین، بەڵام مه‌سه‌له‌یه‌كی فارسی هه‌یه ده‌ڵێت دووكه‌ڵی بێ ئاگر نییه”.
كورد چی ده‌وێت له‌حكوومه‌تی نوێی عێراق؟
فازڵ میرانی بۆ دەنگی ئەمەریکا، دەڵێ، به‌ڕای من له‌م كابینه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده داوایان لێبكه‌ین كه پێیان ده‌كرێت و عه‌قڵیان پێی ده‌شكێت و بڕوایان پێیه، جاری واهه‌یه به نموونەیی مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و، جاری واش هه‌یه واز له‌هه‌موو شته سه‌ره‌كیه‌كان ده‌هێنن و ده‌چن به‌شوێن شته لاوه‌كیه‌كان ده‌كه‌ون، به‌ڕای ئێمه ئه‌وه‌ی له بنه‌مای (هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و سازان)، ئه‌مانه بنه‌مای سه‌ره‌كین كه عێراقی تازه‌ی له‌سه‌ری بنیاد نراوه، ئێمه له‌گه‌ڵ تێكڕای پێكهاته‌كانی پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق، له‌سه‌ر ئه‌مه بینامان كردووه، ئه‌مانه‌مان ده‌وێت، ئه‌مانه بنه‌ڕه‌تیه‌كانن و ئه‌وانی تر، لقن، وه‌كو ده‌زانرێت ئه‌سڵ-بنه‌ڕه‌ت گرنگتره له لق.
کاک بافڵ بە جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی وت من به پێشمه‌رگایه‌تیش ڕازیم ئه‌گه‌ر جه‌نابت ڕازی بیت
میرانی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەوەی بافڵ تاڵەبانی وتی کە دووجار پارتیان شکاند، ئەوەی خستۆتەڕوو، “کە جاری واهه‌یه (ئینسان شایی نازانێت ده‌ڵێت عه‌رزه‌كه خواره)، مرۆڤ به‌شوێن بیانوویه‌ک ده‌گه‌ڕێت تا كه‌تنه‌كه‌ی خۆی پێداپۆشێت، ئێمه نه‌مانویست بڵێین كاكه ئێوه ئه‌سڵی پرۆسه‌كه‌تان به‌هه‌ڵه برد، هه‌م كاک به‌رهه‌میشیان تووشی شه‌رمه‌زاریه‌كی گه‌وره كرد، پاش ئه‌و هه‌موو ماندوو بوونه و، ئیشكردن و خزمه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی، كه ڕه‌نگه خه‌تای خۆشی تێدا بێت، جارێ ئه‌وه وتیان دكتۆر له‌تیف كاندیدی ئێمه نییه و سه‌ربه‌خۆیه، ئینجا كه له‌ده‌ستیاندا شكا، به ته‌سه‌وری خۆیان وتیان ئێمه شكستمان به هۆشیار و ڕێبه‌ر هێناوه و، ده‌ڵێن له‌ڕقی ئێوه ده‌نگمان به دكتۆر له‌تیف داوه، ئه‌مه شتێكی جوان نییه، وه‌كو سه‌رۆكی حزبێک، خۆشم ته‌ماشام كردووه، وتم خۆزگه ئه‌مه‌ی نه‌وتایه و ئه‌م قسانه‌ی نه‌كردایه، چونكه نه لایه‌قی مه‌ركه‌زی ئه‌وه، نه لایه‌قی ئێمه‌شه ئه‌و قسانه‌مان له سه‌رۆكی حزبێک گوێ لێبێت، كه دوێنێ له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی دانیشتووه و تویه‌تی من به پێشمه‌رگایه‌تیش ڕازیم ئه‌گه‌ر جه‌نابت ڕازی بیت، جاری واهه‌یه هه‌ڵده‌چێت، له هه‌ڵچوونیشدا ئینسان قسه‌ی شپرزه‌یش ده‌كات”.
نه هی ئه‌وان ده‌رچوو نه‌هی ئێمه‌ش ده‌رچوو
فازڵ میرانی لە وەڵامدا دەڵێت” نه‌خێر چونكه ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و له‌دوای ئه‌وه بوو كه دكتۆر له‌تیف بوو بهسهرۆکكۆمار بۆچی ده‌بێت ره‌د فعلمان هه‌بێت! ئه‌گه‌ر تویته‌ره‌كه‌ی ئاڵا خان بخۆێننه‌وه ئه‌گه‌ر پارتی به‌ده‌ست من بووایه به‌ته‌نها من ته‌نها (اكتفا)م به‌و تویته‌ره‌ی ئاڵاخان ده‌كرد. “
له‌دوای ئه‌م بابه‌تانه‌ی كه ڕوویدا په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ئاسایی ده‌بنه‌وه؟
فازڵ میرانی بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە: “به‌دڵنیایی ئاسایی ده‌بنه‌وه، ئه‌وان سهرۆکكۆمارێكیان ده‌ویست و. ئێمه‌ش سه‌رۆک كۆمارێكمان ده‌ویست، نه هی ئه‌وان ده‌رچوو نه‌هی ئێمه‌ش ده‌رچوو، ئیتر بۆ ئاسایی نه‌بێته‌وه ئێستا كه‌سێک ده‌رچووه هه‌ردوولا له‌سه‌ری ڕازین”.
نابێت پارتی و یه‌كێتی به‌غداد قۆرخ بکەن ده‌بێت پشكی حزبه‌كانی تری كوردستان له به‌غداد دابین بكه‌ن
سەبارەت بەوەی داوای چ پۆستێکیان کردووە لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی عێراقی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: “جارێ دانوستانمان نه‌كردووه، خوابكات ئه‌م براده‌ره (سودانی) حكوومه‌ته‌كه‌ی پێكبهێنێت و تووشی هیچ كێشه‌یه‌ک نه‌بێت، زانراوه كه سه‌رۆکكۆمار بۆ یه‌كێتی بوو، له‌وانه‌یه جێگری سه‌رۆکوه‌زیران، یا وه‌زیری ده‌ره‌وه، یان وه‌زیری دارایی هی ئێمه‌یه له وه‌زاره‌ته سیادییه‌كان، ئه‌وه بۆچوونی منه، كه وه‌زاره‌تی شاره‌وانی بۆ ئێمه بمێنێته‌وه، ئه‌مه موجامه‌له نییه، به‌ڵام نابێت پارتی و یه‌كێتی به‌غداد قۆرخ بکەن، ده‌بێت پشكی حزبه‌كانی دیکەی كوردستان له به‌غداد دابین بكه‌ن”.
دەربارەی ئەو لایەنە کوردییانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کورسییان نەهێناوە، فازڵ میرانی وتی: “گۆڕان به‌ره‌و كۆنگره و كۆنفڕانس ده‌چێت، با ئه‌نجامه‌كانی بزانێت هه‌تا ئێستا هاوپه‌یمانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هه‌یه، دوای ئه‌وه‌ش ماسی له‌ئاودا مامه‌ڵه ناكرێت”.
پارتی بۆچی گەڕایەوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دوژمنی پێشووی؟
سەبارەت بە رێککەوتنی پارتی لەگەڵ مالیکی، فازڵ میرانی دەڵێ، له سیاسه‌تدا دوژمنایه‌تی هه‌میشه‌یی و دۆستایه‌تی هه‌میشه‌یی نییه، به‌ڵام به‌رژوه‌ندی هه‌میشه‌یی هه‌ن.
“بودجه بڕین ئه‌نجامه، ئێمه هۆكاره‌كه‌مان ده‌وێت كێشه‌یه‌كی میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌وه‌یه ئێمه و یه‌كێتی و ئێمه و عێراق دێین ئه‌نجامه‌كان موناقه‌شه ده‌كه‌ین”. هۆکارەکە تا ئێستاش ماوە؟
میرانی زیاتر وتی: “هۆكاره‌كه ماوه، ئه‌گه‌ر بڕوایان به (هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و سازان) هه‌بێت و وە بڕوایان به‌جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 هه‌بێت، هاوکات بڕواشیان بە پشكی كورد له ناوه‌ندی به‌غداد هه‌بێت، بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو پێویست ته‌رخانكراوه و، له‌جێگه‌ی خۆیدا بیده‌ن، وە مه‌سه‌له‌ی یاسای نه‌وت و غازه له‌سه‌ر ئه‌مانه بووه، هه‌ركاتێک ئه‌مانه جێبه‌جێ بوون، ئه‌وكات ئێمه ده‌ڵێین هۆكاره‌كان نه‌ماوه”.
ئه‌مه یه‌كێ له باشترین سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق بێت
لەبارەی پێشبینی خۆی بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق، فازڵ میرانی وتی: “من زۆر شاره‌زای حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌غداد نیم، به‌ڵام ده‌ڵێن (سیماهم فی وجوههم)، من له دیمه‌نی ئه‌م كابرایه به مرۆڤێکی چاکی ده‌بینم، من پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌مه یه‌كێک له باشترین سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق بێت، ئه‌گه‌ر خوا سه‌ركه‌وتووی بكات حكوومه‌ته‌كه‌ی پێكبهێنێت”.
دامەزراوەی دەستووریمان هەیە، ئێمه ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێراق بكه‌ین نه‌ک حزبه‌كان هه‌ریه‌كه بۆخۆی
سەبارەت بەوەی کورد بە یەک شاندی هاوبەش بەشداری دانوستانەکان دەکات، یا بەجیا، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: “جارێ زووه بۆ ئه‌وه، هێشتا گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەت ده‌ستی پێنه‌كردووه، سه‌رۆکوه‌زیرانی تازه په‌یوه‌ندی به پێكهاته‌ی كوردستانی نه‌كردووه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌مە په‌یوه‌ندی به سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، چونكه ئێمه ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێراق بكه‌ین، نه‌ک حزبه‌كان هه‌ریه‌كه بۆخۆی، ئێمە دامه‌زراوه‌ی ده‌ستوریمان هه‌یه”.
دۆخێكی (قاهر) نه‌بوو، به‌ڵام خودی ئه‌و حزبانه كردیانه دۆخێكی قاهر
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، له وەڵامدا فازڵ میرانی وتی: “له سیاسه‌تدا دۆخی (قاهر) هه‌یه، هه‌ندێ براده‌ر له حزبه‌كان كه بایكۆتیان كرد، وتیان نایاساییه، ئه‌مه له (ضروریة احكام)، ئه‌م دۆخه‌ی من ده‌ڵێم خۆی دۆخێكی (قاهر) نه‌بوو، به‌ڵام خودی ئه‌و حزبانه كردیانه دۆخێكی (قاهر)، مشتومڕیان له‌سه‌ر كۆمیسیۆن و هه‌موواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن کرد، هه‌مووی دوو مانگی مابوو به‌پێی نامه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم، كه هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت، ئینجا ئه‌مه خه‌تای هه‌موومان بووه، به‌ڵام زیاتر خه‌تای ئه‌و حزبانه خۆیان بووه، كه ئێستا داوای هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، خۆشیان ڕێگر بوون كه هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت، ئه‌گه‌ر لێم توڕه‌نه‌بن، ئه‌و خه‌ڵكه ئه‌وانه‌ی ته‌نیا ویستیان هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئێمه و نه‌وەی نوێ بووین”.
ئەوەشی پرسیوە، کە حزبێک به‌ته‌نیا ده‌توانێت هه‌ڵبژاردن بباته‌وه؟ خه‌ڵكه‌كه چی ده‌ڵێت؟ هەرئەوکات خۆت وەک ڕۆژنامەنووس پرسیارەکەت پێچەوانە دەکردەوە و، دەتوت چۆن یەک حزب بڕیاری هەڵبژاردنی داوە؟
ئەگەر یەکێتی ئامادە بێت بەڵێ ئامادەین ڕێککەوتنێکی ستراتیژی نوێ ئەنجام بدەینەوە
سەبارەت بە رێککەوتنێکی نوێی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی، میرانی گوتی: “چەند جاری تریش وتومانه و ده‌شڵێین، حسابی ئێمه له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتی له‌سه‌ر ژماره‌ی كورسی نییه، به‌ڵكو ئێمه له‌سه‌ر جوگرافیا و له‌سه‌ر مێژوو و له‌سه‌ر ناوچه قسه ده‌كه‌ین، به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه ئێمه و یه‌كێتی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه بپارێزین، ئه‌مه مێژووی ئێمه ده‌پارێزێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م جوگرافیایه‌مان نه‌بێت مێژووی ئێمه ده‌بێت بۆ ئه‌رشیف . “
لەسەر بوونی زۆنی زەرد و سەوز، فازڵ میرانی دەڵێ: “من ده‌ڵێم ئه‌و خانمه كه‌می وتووه و له‌گه‌ڵ خۆی به ئینساف نه‌بووه، ناكرێت ئێمه خۆڵ بكه‌ینه چاوی خۆمان ته‌نها به‌چاوی خۆمان ته‌ماشای خۆمان بكه‌ین، ئه‌وه‌ی ئه‌و وتی ڕاسته كورد حه‌قه جورئه‌تی هه‌بێت ده‌ست له‌سه‌ر كه‌موكوڕیه‌كان دابنێت، قسه‌ی دۆسته‌كانی خۆمان هه‌تا تاڵیش بێت لێیان قبوڵ بكه‌ین، به‌ڵام به‌مه‌رجێک چاره‌سه‌ری بكه‌ین”.
به چاوی جاران ته‌ماشامان ناكه‌نه‌وه
بە بڕوای فازڵ میرانی، لە کاتێکدا نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان کە هۆشداری به حكوومه‌تی هه‌رێم داوە، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابخرێت باجی ده‌بێت میرانی روونی دەکاتەوە، کە باجه‌كه به تێگه‌یشتنی ئه‌و پێگه‌ی ئێمه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و مافی مرۆڤ و دیموكراتی كه‌متر ده‌بێت، یا به چاوی جاران ته‌ماشامان ناكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌رنا پێشبینی ناكات سزای ترمان له‌سه‌ر دابنێن، چونكه ئێمه ده‌وڵه‌تێک نین، ئه‌وان هاوسۆزیان هه‌بووه له‌گه‌ڵماندا و یارمه‌تی مه‌سه‌له‌ی مرۆییان كردووین، به‌ڵام ئه‌وان ناتوانن له‌گه‌ڵ شه‌ڕی داعش-ئیرهاب پاشه‌كشێ بكه‌ن، چونكه بۆخۆیان خراپه، به‌ڵام هه‌رچی ئه‌وان بڵێن، ئێمه‌ی كورد پێویستیمان به دۆستایه‌تی و به‌قسه‌ی چاكی ئه‌وان هه‌یه، هه‌ر قسه‌ی ئه‌وان كه بۆنی سلبی لێبێت، ده‌بێت حسابی بۆ بكه‌ین و به پیریه‌وه بچین بۆ چاككردنه‌وه‌ی.
ئه‌گه‌ر باڵمان هه‌بووایه ئێستا هه‌ندێک له ئێمه فڕیبوون وه‌كو حزبه‌كانی تر
سه‌باره‌ت به كۆنگره‌ی پارتی كه له‌كۆتایی ئه‌م مانگه، یاخود له‌سه‌ره‌تای مانگی یانزه ئه‌نجام ده‌درێت، فازڵ میرانی دەڵێ: “ئه‌گه‌ر باڵمان هه‌بووایه ئێستا هه‌ندێک له ئێمه فڕیبوون وه‌كو حزبه‌كانی تر كه باڵیان هه‌بووه، چونكه ئه‌وانه‌ی باڵیان هه‌بوون فڕین نه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر، جارێ باڵمان نه‌گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی بفڕین، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه له‌هه‌موو كۆنفڕانسێک هه‌ندێک ده‌رده‌چن كه‌یفیان پێی دێت و هه‌ندێكیش ده‌رناچن گله‌یی ده‌كه‌ن، باشه من به‌وانه ده‌ڵێم ئه‌وانه‌ی گله‌ییان هه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌رچوونایه خه‌ڵكێكی تر ده‌رنه‌چووایه هه‌ڵوێستیان چی ده‌بوو، (لایؤمن احدكم حتى یحب لأخیه مایحب لنفسه)، چونكه ئه‌وان كه ده‌یانه‌وێت ده‌ربچن، هاوه‌ڵه‌كانیشیان ده‌یانه‌وێت ده‌ربچن، كه‌واته هه‌موویان پێكه‌وه ده‌رناچن، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌گه‌ری زۆره له‌سه‌ره‌تای مانگی یانزه پارتی كۆنگره ببه‌ستێت، ڕابردووی ئه‌م حزبه‌ی ئێمه له‌ساڵی 1979 وه هه‌تا ئێستا باڵ باڵێنی تێدا نه‌بووه، خه‌ڵكانی ناحه‌زانی ئێمه خه‌ونی ئه‌وه‌یان بینیووه ئێستاش ئومێد ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر پێیان بكرێت، به‌ڵام مه‌رجه‌عیه‌تی ئێمه ئه‌وه‌نده دادپه‌روه‌ر و ئه‌وه‌نده (ادراك) ی هه‌یه، به‌رژه‌وه‌ندی كورد و كوردستان، یەکڕیزی و یه‌كگرتوویی فكری و، یه‌كگرتوویی هه‌ڵوێستمان هه‌یه، چونكه ئه‌م پارته ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌رشانه، ئه‌ویش پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی نه‌ته‌وایه‌تیه”.
موفاجەئەکەی کۆنگرەی پارتی
لەمەڕ بوونی موفاجەئە، میرانی دەڵێت: “به پێشبینی من و ئومێدیش ده‌كه‌م ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ده‌ڵێت موفاجه‌ئه ده‌بێت، ئه‌و موفاجه‌ئه‌یه نابێت”.
دەربارەی ئەوەی ئایا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و خۆت بەنیازن خۆتان کاندید بکەنەوە لە کۆنگرە؟ لە وەڵامدا فازڵ میرانی دەڵێت: “ئێستا خۆمان یه‌كلا نه‌كردۆته‌وه، ئێمه پابه‌ندین ئه‌گه‌ر مەرجهعیهتی ئێمه پێمان بڵێت بمێنن، ده‌ڵێم به‌سه‌رچاو، بڵێن بڕۆن ماندوو بوون وه‌رن له‌لای ئێمه دابنیشن ئیداره‌تان ده‌كه‌م، ده‌ڵێم به‌سه‌رچاو، بڵێن بڕۆن ئیسراحه‌ت بكه‌ن له‌ماڵی خۆتان، هه‌ر ده‌ڵێم به‌سه‌رچاو، ئێمه وا فێربووین تازه سلوكی خۆمان ناگۆڕین.”