زمانی کوردی لەسەر تابلۆی فڕۆکەخانەی کەرکووک نییە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت

لە کاتی کردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی کەرکووک نە نوێنەرانى کورد ئامادە بوون نە زمانى کوردى لەسەر تابلۆى فڕۆکەخانەکە بوو، بە گوتەى پەرلەمانتارێکى شارەکە بەڵگە کۆدەکەنەوە و لەڕێگەى سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە داواى لێکۆڵینەوە لە بەکارنەهێنانى زمانى کوردى دەکەن. جێگرى سەرۆکى لیژنەى گواستنەوەى پەرلەمانى عێراقیش ئاماژە بەوەدەکات، سەردانى فڕۆکەخانەکە دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە دواکەوتنى و ئەو دۆسیانەى گەندەڵى کە لەبارەیەوە هەن.

رۆژی 16ى تشرینى یەکەمى 2022، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک کرایەوە، لە رێوڕەسمێکیشدا ناسر شبلی، وەزیرى گواستنەوەى عێراق و راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت ئامادە بوون.

نە کورد نە زمانەکەى لەوێ نەبوون

رێوڕەسمی کردنەوەى فڕۆکەخانەکە کەمتر لە 10 خولەکی پێچوو، جگە لە وەزیرى گواستنەوە و پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت، هیام نیعمەت، وەزیرى دارایی بەوەکالەت بەشدار بوو.   

نەجوا کاکەیی ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: “هیچ بەرپرس و پەرلەمانتارێکى کورد بانگهێشتى رێوڕەسمی کردنەوەى فڕۆکەخانەکە نەکرابوون.”

تابلۆى سەرەکیی فڕۆکەخانەکە بە هەردوو زمانى عەرەبی و ئینگلیزى نووسراوە، بەبێ ئەوەى زمانى کوردى تێدا بێت، لە کاتێکدا لەسەر تابلۆی زۆربەى دامەزراوەکانى کەرکووک زمانی کوردیش هەیە.

نەجوا کاکەیی دەڵێت: “بەکارنەھێنانى زمانى کوردی پێچەوانەى ماددەى چوارى دەستوورى عێراقە، لەچەند رۆژى داهاتوودا سەردانى فڕۆکەخانەکە دەکەم، لەدواى کۆکردنەوەى زانیارى تەواو و دڵنیابوونەوە، لەڕێگەى سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین و داواى روونکردنەوە لە راکان جبوورى پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت دەکەن کە سەرۆکى یەکەى ئیدارى شارەکەیە.”

بودجەى گومانلێکراو

گرێبەستەکانى دروستکردنى فڕۆکەخانەکە و چۆنێتى خەرجکردنى بودجەکەى دۆسێیەکى هەڵپەسێرداوە کە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە.

لە ساڵى 2020 لیژنەى دەستپاکى پەرلەمانى عێراق داواى لە ئەنجوومەنى وەزیران کرد کە وردەکارى گرێبەستى وەبەرهێنانى چەند کۆمپانیایەکیان پێبدەن لەبارەى گۆڕینى فڕۆکەخانەى کەرکووک لە سەربازییەوە بۆ مەدەنى کە ئەوان گومانى ئەوەیان لێکردووە گەندەڵى تێدابێت.

17ى تشرینى یەکەمى 2022 ، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: “ناهێڵین ئەو فڕۆکەخانەیە بکرێتەوە، بە سەرۆکوەزیرانم گوت ئەوە دەروازەیەکە بۆ گەندەڵى و گەندەڵى تێدا کراوە، لە رووى تەکنیکیشەوە ئەو فڕکەخانەیە ئامادە نییە، لەگەڵ ئەوەى کەرکووک مافى ئەوەى هەیە لە پێش هەموو پارێزگاکانى دیکە ببێتە خاوەنى فڕۆکەخانە، بەڵام فڕۆکەخانەیەک کە گەندەڵى تێدا نەکرابێت.” 

دڵخوازەكانتان