شازدەی ئۆكتۆبەر.. رۆژێكی ڕەش…سه‌لام عه‌بدوڵا

لە مێژووماندا، مێژووی دوور و درێژی گەلەكەماندا، كاری خیانەتكاری بووە و دیتراوە، بەڵام لە جۆری خیانەتكاریی شانزەی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 لە سەرانسەری مێژووماندا نەبینراوە و نەبیستراوە و ئاكامەكانی بەو جۆرە ترسناك و كارەساتبار و ماڵوێرانكەر نەبووە، چونكە ئەم خیانەتە خەباتی سەد ساڵەی گەلەكەمانی لە باشوور كە هەزاران شەهید و بریندار خوێنی بۆ ڕژا، لە چركەساتێكدا هەموومانی بێ هیوا كرد، چونكە كەس بڕوای نەدەكرد دوای ئەو هەموو قوربانیدانە بۆ ڕزگاركردنی وڵاتمان لە چنگی داگیركەر، ئاوا بە ئاسانی لەپێناو دراو و پلەو پایەدا- بەفیڕۆ بدرێ و تەسلیمی نەیار و ناحەزی گەلەكەمان بكرێت.

لە ڕاستیدا هیچ پاساوێك ناتوانرێت بۆ ئەو خیانەتە گەورەیە بهێنرێتەوە، ئەگەرچی لەوەودوا دەیان پاساوی بێ جێی وەك (ریفراندۆم و پاراستنی شاری كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان لە وێرانی و تاڵانی) هێنرایه‌وه‌، بەڵام نەیتوانی پەردەپۆشی ئەو خیانەتە ئاشكرایە بكات، چونكە ریفراندۆم بكرایە و نەكرایە داڕێژەرانی ئەو پیلانە گڵاوە، دەمێك بوو بڕیاری خۆیان بۆ لەناوبردنی دەستكەوتەكانی گەل و هەرێمەكەمان دابوو.

ئەوانەی بەم كارە خیانەتكارییە هەڵستاون، كاڵفام و بێ ئەزموون نەبوون، ئەوانە خاكیان بەرامبەر پلە و پۆست و پارە فرۆشت و جگە لە پارە و ئابڕووچوون و نەفرەتی گەل، هیچیان دەستكەوت نەبوو، تەنانەت ئەو پۆستانەی خزێنرابووە گیرفانیانەوە! ئەوانەش بڵقی سەرئاو بوون و ئەوەندەی تر سووك و ڕیسوای كردن.

ئێمە دڵنیایین كە زۆرینەی زۆری پێشمەرگە و لایەنگرانی ئەو حزبە ئاگاداری ئەو پلانگێڕییە نەبوون، چونكە هەموو لە شاشەكانی تەلەڤزیۆن گریان و داد و فیغان و فرمێسكی پێشمەرگەمان دەدیت كە سەنگەرەكانیان بەزۆر پێ چۆڵ كرابوو.

بۆیە دەبوو هەر خۆیان ئەو تاخمە پیلانگێڕەیان بدایە بە دادگا و بە سزای موستەحەقی خۆیان بگەیشتنایە، بۆ ئەوەی جارێكی تر كەس جورئەتی تاوانی وا ئابڕوبەر و قێزەونی نەكردایە، ئه‌وه‌ش جێی پرسیارە، كە تا ئێستا هیچ بەرامبەریان نەكراوە!

دڵخوازەكانتان