جوان ڕۆژبەیانی: پێشتر شەڕی مادەی ١٤٠مان دەكرد، بەڵام دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر شەڕی لابردنی پارێزگارێكی سەپێندراو دەكەین

سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت، عێراق هەمیشە کەرکووكی وەکوو کارتی فشار بەرامبەر بە کورد بەکار هێناوە. ئاماژە بەوەش دەكات، بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەگەر پێشتر شەڕی ماددەی 140مان دەکرد، بەڵام ئێستا شەڕی دوورخستنەوەی پارێزگارێکی سەپێندراو و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە دەکەین، تاوەکوو زیاتر تەعریب نەکرێت.

جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “16ی ئۆکتۆبەر مێژوویەکی ڕەشە بە ناوچەوانی بکەرانی ئەو خیانەتە، عێراق هەمیشە کەرکووكی وەکوو کارتی فشار بەرامبەر بە کورد بەکار هێناوە، کارەساتەکە لەوەدایە، ئەمجارەیان دوژمن نەبوو خیانەتی کرد، لایەنێکی کوردی ناوخۆیی بوو، کە وای کرد کەرکووک بکەوێتە ئەو دۆخە سەربازییە سەپێندراوەی کە ئێستا لەو ناوچەیەدا هەیە.”

جوان رۆژبەیانی، گوتیشی: ”ئەگەر پێشتر شەڕی ماددەی 140مان دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو خیانەتەوە، شەڕی دوورخستنەوەی پارێزگارێکی سەپێندراو و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە دەکەین و هەوڵی گەڕانەوی پێشمەرگە دەدەین و ڕێگری لە تەعریبی زیاتر دەکەین.“

دڵخوازەكانتان