ھیچ بڕیارێک بۆ بڕینی کارەبای ھاووڵاتییان نییە

 گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد، وەزارەتی کارەبا زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار قەرزی کرێی کارەبای لای ھاووڵاتییانە و دەشڵێ، ھیچ بڕیارێک نییە بۆ بڕینی کارەبا لە بەرامبەر نەگەڕانەوەی قەرزی کرێی کارەبادا.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “وەزارەتی کارەبا زیاتر لە یەک ترلیۆن دیناری قەرزی کرێی کارەبای لای ھاووڵاتییان و فەرمانگەکانی میری و کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانییە، ئێمە داوای گەڕانەوەی قەرزەکانمان لە چەند کەرتێک کردووە، بەڵام ھێشتا بڕیارێکی وەھا نەدراوە لەسەر ناچارکردنی ھاووڵاتییان بۆ گێڕانەوەی قەرزی کرێی کارەبا.”

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەشڵێت: “ئەو دەنگۆیانەی بڵاو دەکرێنەوە گوایە ئەگەر ھاووڵاتی کرێی کارەبا نەگەڕێنێتەوە کارەبای لێ دەبڕدرێت، ڕاست نین، واتا لە بەرامبەر نەگەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا ئێمە کارەبای ھیچ ھاووڵاتییەک نابڕین.”

ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: “وەزارەتی کارەبا پلانی خۆی ھەیە بۆ گێڕانەوەی قەرزەکانی کرێی کارەبا، دەمانەوێت ھەندێ ڕێوشوێنی دیکە بگرینە بەر بۆ گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا، ئەویش دانانی میکانیزمێکی تایبەت بە خۆمانە و جارێ ئاشکرای ناکەین بە چ شێوازێک قەرزی کرێی کارەبا وەر دەگرینەوە لە ھاووڵاتییان و ھەموو ھاوبەشانی دیکەی کارەبا.”

دڵخوازەكانتان