تا ئێستا یەک خاڵی ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەکراوە

قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت گوتی، تاکوو ئێستا یەک خاڵی ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەکراوە کە دوو ساڵ بەسەر ڕێککەوتنەکەدا تێپەڕ بووە، بۆیە پێویستە حکوومەتی نوێی عێراق کاری جددی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بۆ ئەم قۆناغە بکرێت و ماددەی 140یش جێبەجێ بکرێت و کۆتایی بەو کێشەیە بێت لە بنەڕەتەوە.

نایف سیدۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ”تا ئێستا دوو ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی شنگالدا تێپەڕ بووە و لە کۆی پێنج خاڵ، یەک خاڵیشی جێبەجێ نەکراوە و ئەگەر جێبەجێ کرابووایە زۆر گرنگ بوو، چارەسەری بنەرەتییش ئەوەیە کە کار بکرێت لە ناوچە کوردستانییەکان ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، چونکە کۆتایی بە هەموو کێشەکان دێنێت، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە زۆر گرنگ بوو، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.”

گوتیشی: ”چاوەڕێ دەکەین لە حکوومەتی نوێی عێراق کە دوای پێکهاتنی، بەجددی کار بکرێت بۆ ئەوەی ماددەی 140جێبەجێ بکرێت و ڕێککەوتنەکەش بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، چونکە تا ئێستا نازانرێت لەگەڵ کێ دانوستان بکرێت، لەبەر ئەوەی هەر لایەنێک خۆی بە دەسەڵاتدار دەزانێت و لایەنێک بە تەنها حوکم ناکات.”

باسی لەوەش کرد: ”ئەوەی کێشەیە تا ئێستا هێزەکانی میلیشیا لە شنگال بڕیارەکانی حکوومەت جێبەجێ ناکەن و تەنها بڕیاری خۆیان جێبەجێ دەکەن، بۆیە ئەمە وای کردووە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، بەڵام گرنگ و پێویستە چیتر کوردانی ئێزدی لەم دۆخەدا نەمینێن و چارەسەری کێشەکانیان بکرێت و دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.”

دڵخوازەكانتان