نێچیرڤان بارزانی: جەخت لە ڕۆڵی گرنگی یەکێتى لە پرۆسه‌ى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا ده‌كه‌ینه‌وه‌

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، پیرۆزبایی ساڵیادی دامه‌زراندن و یۆبیلى زێڕینى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیى كوردستان دەكات.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان:

بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی 

سڵاو و ڕێز..

له‌ یادی (50) ساڵەی دامەزراندن و یۆبیلى زێڕینى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، گه‌رمترین پیرۆزبایى پێشكه‌ش به‌ بەڕێزتان و سەرکردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیى كوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.

لەم یاده‌دا بە ڕێزەوە دامەزرێنەری یەکێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئه‌و شەهید و تێکۆشەرانه‌ بەبیر دەهێنینەوە کە لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، قوربانییان بۆ ئازادى داوه‌‌. كاروانى پێنج دەیە خەبات و تێکۆشانى یه‌كێتى، شایستەی ڕێز و پێزانینە.

جەخت لە ئاماده‌یى و ڕۆڵی گرنگی یەکێتى لە پرۆسه‌ى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا ده‌كه‌ینه‌وه‌. هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێکی بەهێزى پته‌وکردنی یەکڕیزیى نیشتمانی و پێکەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاته‌کانی کوردستاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ کارکردنی هاوبەش له‌پێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلى كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2025/6/1

دڵخوازەكانتان