هۆشیار زێباری: بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی سیاسیی و بەرنامە بۆ داڕێژراوە

هۆشیار زێباری ڕایگەیاند، لەم کاتەدا بەرژەوەندیی سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی لەچیدایە کە قەیرانی مووچەیان گەورەتر کردووە.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلاتفۆرمی ‘ئێکس’ نووسیویەتی ” بەرژەوەندیی محەممەد شیاع سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگیی دەسەڵاتدار چییە کە ڕێک لەم کاتەدا گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ساز دەکەن؟”

ئاماژەی بەوەش کردووە “ئەمە لە کاتێکدایە وڵات لە هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، ڕەنگە کێشەی تەکنیکی هەبێت، بەڵام بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سیاسیی و بەرنامە بۆ دارێژراوە دژی هەرێمێکی دەستووریی، کە بێگومان کاردانەوەی دەبێت.”

ڕۆژی شەممە، 31-05-2025، کۆبوونەوەی گرنگ و بەرفراوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی گشتیی ئێستای عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرا. هەروەها هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بەرانبەر بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجنەکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەینرێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێ پەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: “19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە”. 

دڵخوازەكانتان