سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پیرۆزبایی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، پیرۆزبایی ساڵیادی دامه‌زراندن و یۆبیلى زێڕ‌ینى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیى كوردستان دەكات.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان:
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی
سڵاو و ڕێز..
له یادی (50) ساڵەی دامەزراندن و یۆبیلى زێڕ‌ینى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، گه‌رمترین پیرۆزبایى پێشكه‌ش به بەڕێزتان و سەرکردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیى كوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
لەم یاده‌دا بە ڕێزەوە دامەزرێنەری یەکێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئه‌و شەهید و تێکۆشەرانه بەبیر دەهێنینەوە کە لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، قوربانییان بۆ ئازادى داوه. كاروانى پێنج دەیە خەبات و تێکۆشانى یه‌كێتى، شایستەی ڕێز و پێزانینە.
جەخت لە ئاماده‌یى و ڕۆڵی گرنگی یەکێتى لە پرۆسه‌ى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا ده‌كه‌ینه‌وه. هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێکی بەهێزى پته‌وکردنی یەکڕیزیى نیشتمانی و پێکەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاته‌کانی کوردستاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ کارکردنی هاوبەش له‌پێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلى كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/6/1