وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت: لە 20ی ئەم مانگەوە دەستدەکەین بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان

وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت ئاشکرای کرد، لە دوای 20 تشرینی یەکەم دەست دەکرێت بە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکەن. 

رۆژی سێشەممە 11-10-2022، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند: “لە دوای 20ی تشرینی یەکەمەوە دەست بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەکەین و تائێستا پارە بۆ 320 هەزار بەرمیل نەوت تەرخانکراوە و گرێبەستیش کراوە. دوای 20ی ئەم مانگە لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی ماڵانی دەکەین.” 

کەمال محەممەد گوتی: “لەو نەوتەی حکومەت دابینی دەکات، پشکی هەموو ناوچەکان دەدرێت، بەڵام دابەشکردنی دەکەوێتە سەر بەڕێوەبەرە ئیدارییەکانی ئەو ناوچانە.” 

کەمال محەمەد کە هاوکات وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەبارەی پلانی وەزارەتەکەی بۆ زیادکردنی کارەبای ماڵان لە وەرزی سەرما گوتی: “وەک پلان بۆ وەرزی سەرما نیازمان هەیە 200 بۆ 220 مێگاوات کارەبا لە تشرینی دووەمەوە بخەینە ناو تۆڕی هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی و دۆخەکە لە ساڵی رابردوو باشتر دەبێت.” 

وەزیری کارەبا سەبارەت بە سیستمی 24 کاژێریی پێدانی کارەبا دەڵێت: “ئێستا لە دهۆک و لە لەنگەی هەولێر و لە عەلوەی سلێمانی و چەند شوێنێکی دیکەی بازاڕی سلێمانی ئەو سیستمە کاردەکات و وەک ئەزموون ئەو شوێنانەمان دانا بۆ ئەوەی خەڵک هەست بکەن سوودەکانی چین؛ لە بازاڕی لەنگەی هەولێر ئێستا دووکانداران پارەی موەلیدەیان بۆ گەڕاوەتەوە، پڕۆژەکە ئێستا لە جێبەجێکردندایە و قۆناخ بە قۆناخ فراوانتری دەکەین.” 

بە گوتەی کەمال محەمەد، لەم کابینەیەی حکومەتدا تائێستا کارەبای 35 هەزار هاوبەش بڕاوە کە کارەبایان بە سەرپێچی راکێشاوە، کاتێکیش دەبڕدرێت بە دوو جۆر پێبژاردن سزا دەدرێن، بۆیە داوا دەکات خەڵک خۆیان بەدوور بگرن لەو سەرپێچییە. 

دڵخوازەكانتان