حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی پڕۆژەیەک 5 هەزار هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی سلێمانی دەڕەخسێنێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی ستراتیژیی لە پارێزگای سلێمانی، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی ئەو سنوورە دەکات، بە شێوەیەک کە بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، جوتیاران خەمی بەبازاڕکردنی گەنمیان نامێنێت و 5 هەزار هەلی کار لە سلێمانی دەڕەخسێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پڕۆژەی نیشتمانیی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی، پێکهاتووە لە 30 سایلۆ، کە ساڵانە توانای وەرگرتنی 150 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، لەگەڵ پێنج کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد، ساوەر، بڕوێش، پاستە و عەلەفی ئاژەڵ.

ڕاشیگەیاند: جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە بەمەبەستی هەمەجۆرکردنی داهات و گرنگیدانە بە کەرتی کشتوکاڵی. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی ئەو پرۆژەیە لە سلێمانی گوتی: دەمانەوێت داهاتی کوردستان هەمەجۆر بکەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێویستمان بە هاوردەکردنی هیچ بەرهەمێکی خۆراکی نەبێت و بتوانین هاوردەی دەرەوەشیان بکەین. ئەم کابینەیەش لە هەموو شتێک زیاتر بیر لەوە دەکاتەوە، کە ژێرخانێکی ئابووری بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات.

زاهیر زانا، بەڕێوەبەری پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، گوتی: پرۆژەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت، لەماوەی پێنج ساڵدا تەواو دەکرێت و 128 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. ڕێژەی 78%ـی قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە تەواوبووە، کە 12 سایلۆ بە توانای وەرگرتنی 60 هەزار تۆن گەنم و کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد لەخۆ دەگرێت. ئێستا کارکردن لە پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی بەردەوامە، کە هەلی کاری بۆ 300 کەس ڕەخساندووە.

بەڕێوەبەری پرۆژەکە ئاشکرا کرد کە لەکاتی تەواوبوونی پرۆژەکە، زیاتر لە 5 هەزار هەلی کاری بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان دەرەخسێندرێت و لێی سوودمەند دەبن. پڕۆژەکە پاڵپشتییەکی گرنگە بۆ جوتیاران لە پێناو ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان.

پشتیوان حەمەعەلی، لێپرسراوی بەشی بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنەتۆو لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، ئاماژەی بەوە دا کە پڕۆژەکە توانایەکی زۆری هەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، بە تەواو بوونی ئەو پرۆژەیە، جوتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی، کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمی گەنمی ساڵانەیان نامێنێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەر لەسەر پڕۆژەکە جەختی کردۆتەوە کە پڕۆژەی نیشتمانیی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی کشتوکاڵی، کە لە 23ـی ئایاری 2021 بەردی بناغەی داندرا و بە تەواوبوونیشی؛ ئاسایشی خۆراک لە تەواوی سنووری پارێزگای سلێمانی دابین دەکات.

دڵخوازەكانتان