وەزارەتی دارایی: داهاتی نانەوتیی مانگی شوباتمان بۆ بەغدا نارد

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی ئەم ساڵ خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.

بڕی پارەکە (48،722،239،000) دینارە و بە شێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

رۆژی 12-03-2025، وەزارەتی دارایی عێراق، (957،925،880،078) دیناری بۆ مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج کرد. ئەو کات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەمان ئەو بڕەیە کە خۆیان بۆ مووچەی مانگی شوبات داوایان کردبوو.

وەزارەتی دارایی پێشتر رایگەیاندووە، لەدوای (10)ـی هەموو مانگێک راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە دەکرێت.

دوایین جار وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 51 ملیار دیناری وەکو داهاتی نانەوتیی مانگی یەک بۆ بەغدا نارد.

بەگوێرەی زانیارییەکان بەغدا داوای نزیکەی 90 ملیار دینار داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان دەکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت ، دەستیان بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ کردووە و ئەم هەفتەیە بۆ بەغدای دەنێرن.

باسی لەوەش کرد، لیستی مووچە وەکو خۆی دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەک لە لیستەکە و شێوازی ناردنی ناکرێت.

دڵخوازەكانتان