کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە پیرەمەگروون ئاگریان تێبەردراوە

بە گوێرەی زانیارییەکان لەسەر رێگەی ناحیەی پیرەمەگروون کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی ئاگریان تێبەردراوە و، ئەمە دووەمجارە لەم مانگەدا کە هەوڵی تێکدانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لەسەر رێگەی سلێمانی – دووکان دەدرێت.

لاوەند فەرەیدوون، پارێزەری کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، کە خاوەنی کامێراکانە بە کوردستان 24ی راگەیاند، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە پیرەمەگروون ئاگریان تێبەردراوە و، جگە لە سووتاندن تەقە لە کامێرای دیکەش کراوە.

پارێزەری کۆمپانیاکە رۆژی دووشەممە (3ی تشرینی یەکەمی 2022) بە کوردستان 24ی راگەیاند، کاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ ئاگادارکراوەنەوە لەوەی چەند فیشەکێک نراوە بە کامێراکانی تیژڕەوییەوە لەسەر رێگای سلێمانی – دووکان، ئەوەش زیانی بە کامێراکان گەیاندووە، بۆیە جارێکی دیکە سکاڵا تۆمار دەکەن.

پێشتریش لە رۆژی 22ی ئابی 2022 دا لە سەر هەمان رێگە، تەقە لە کامێرا جێگیرەکانی تیژڕەوی کرا و کۆمپانیاکەش لەسەر دۆسیەکە سکاڵای تۆمارکردووە.

پارێزەری کۆمپانیاکە باسی لەوەکرد، تا وەزارەتی ناوخۆ پرۆژەکە وەرنەگرێت و بەتەواوی رادەستیان نەکرێت، کامێرا جێگیرەکان ناخرێنەکار.

دانانی کامێرا جێگیرەکانی تیژڕەوی لە سنووری سلێمانی، ناڕەزایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکەی لێکەوتەوە و لە رۆژی 23ی ئابدا، بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەکەیان رەتکردەوە و داوایان کرد، وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی دانانی کامێرەکان لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار هەڵبوەشێنێتەوە.

بەگوێرەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیای جێبەجێکار و وەزارەتی ناوخۆ، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، 220 کامێرای جێگیری تیژڕەوی دادەنرێت، کە بەشێکیان بەشێوەی سیستمی (پۆینت بۆ پۆینت) کاردەکەن.

دڵخوازەكانتان