مەسرور بارزانی: پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ بەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و  پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر پەسەندکردن و جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: “ئەم پلانە نەخشە رێگایەکی گشتگیرە، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پەسند کراوە، لەپێناو برەودانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا لە پێنج ساڵی داهاتوودا لە هەموو بوارەکاندا، پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ بەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری پاراستن و داکۆکیکردن لە بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێم،  هەروەها بەهێزکردنی بنەماکانی ئازادی، دیموکراسی، نەهێشتنی توندوتیژی، جیاکاری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی”.

مەسرور بارزانی، گوتی: “لەم بۆنەیەدا پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیانی ئایینی، نەتەوەیی و پاراستنی ئازادییە تاکە کەسی و گشتییەکان و بەرگریکردن لە بەها دیموکراسییەکان دووپاتدەکەینەوە”.

سەرۆکی حکومەت، راشیگەیاند: “ئێمە پلانێکی چاکسازی هەمەلایەنەمان هەیە، ئومێدەوارین پشت بە خوا و خەڵکی هەرێمی کوردستان و دۆستانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەربەست و ئاستەنگەکان تێپەڕێنین و بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتری حوکمڕانی هەنگاوبنێین، کە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پاراستنی مافەکانیان سەنتەری گرنگی پێدان و ئامانجی لەپێشینەی حکومەت بێت، پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەم، ئەم پلانە بە وردی داڕێژراوە و راوبۆچوونی دەسەڵاتەکانی دادوەری، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق، کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراو و ئاژانسە ناحکومییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێم وەرگیراوە و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردن دایە، هیوادارم ناوەڕۆکی پلانەکە لە کایەکانی حکومەت بە باشی جێبەجێ بکرێت و رەنگدانەوەی گرنگی لە پەرەپێدانی حوکمڕانییەکی باش، سەروەری یاسا و کولتووری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ هەبێت، جێگای خۆشحاڵییە ئەو راسپاردانەی لەو پلانەدا هاتوون لە ساڵی رابردوودا وەک یاسا و رێنمایی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون و دەتوانین بڵێین بەراورد بە وڵاتان هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باش دایە”.

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەشدا: “حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆری ناوە بۆ سووککردنی ئازارەکانی کەسوکار و قوربانیانی دەستی داعش، هەروەها رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەیە لە ئازادکردنی رفێندراوانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە لە دەست تیرۆرستانی داعش و بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش وەک تاوانی جەنگ، بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش، پڕۆژەیاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمان کرد، بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکانیان، بەڵام بەداخەوە دادگای باڵای بەناو ئیتیحادی عێراق، پڕۆژەیاساکەی رەتکردەوە، کە ئەمەش پێشینەیەکی نوێ و جێگەی سەرسوڕمان بوو کە رێگە لە دادگاییکردنی تیرۆرستەکانی داعش بگیرێت”.

دڵخوازەكانتان