وەزارەتى خوێندنى باڵا: کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان کەمکرایەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستیی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا داشکاندنی کرێی خوێندن لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان کەمبکاتەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان (پارالێڵ – ئێواران) بە رێژەی 45%؛ داشکاندنی کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە رێژەی 10% بۆ 20% بەپێی رانکی زانکۆکان دەبێت.
زانکۆ حکومییەکان
داشکاندنى رێژەى 45% لە کرێى خوێندنى پارالێڵ و ئێوارانى گشت قۆناخەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دامودەزگەکانى ترى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (2022-2023.)
زانکۆ تایبەتەکان
کەمکردنەوەى کرێى خوێندن بەپێى ئەنجامەکانى ریزبەندى نیشتمانیى زانکۆکانى هەرێمی کوردستان دەبێت بەم شێوەیە:
– ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بە رێژەى (10%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
– ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بە رێژەى (15%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
– ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بە رێژەى (20%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
– سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بە رێژەى (20%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامانجی بڕیارەکەوە بە رووداوی گوت، “بۆ لەبەرچاوگرتنى بارى دارایى هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و رەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانە.” دەشڵێت، “ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان.”