سێ مادده‌ی دیكه له پڕۆژه‌یاسای په‌روه‌رده و فێركارى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌میان بۆ كرا
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ٢٠٢٢/٩/٢٩، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (٦)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، كه سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد، به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه و ڕاگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانی سه‌باره‌ت به بۆردوومانكردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانی كۆمارى ئیسلامیی ئێران خوێنده‌وه، كه تێیدا به‌تووندی ئیدانه‌ی ئه‌م هێرش و په‌لاماردانه ده‌كات و پێی وایه له‌ژێر هه‌ر بیانوو و پاساوێكدا ناكرێ په‌نا بۆ تووندوتیژی و مووشه‌ك و په‌لاماری سه‌ربازی و بۆردوومانكردن ببرێ، داواش له حكوومه‌تی فیدڕاڵ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، ئاستێك بۆ ئه‌م په‌لامار و پێشێلكردنانه‌ی خاك و سه‌روه‌ریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دابنێن.
هه‌ر له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا پرسه و سه‌ره‌خۆشیی په‌رله‌مانی كوردستانى ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیده‌كان كرد و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌شی بۆ برینداره‌كان خواست.
بۆ ڕێزلێنانیش له گیانی پاكی ئه‌و شه‌هیدانه و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگارى و سه‌رفرازیی كوردستان، د. هێمن هه‌ورامی، داوای له ئاماده‌بووانى دانیشتنه‌كه كرد ده‌قیقه‌یه‌ك به‌بێده‌نگی بوه‌ستن.
پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووی به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌پێی تاكه‌خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه، كه بریتی بوو له بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان، كه به ئاماده‌بوونی ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیرى په‌روه‌رده، د. سه‌یوان عه‌لی، بریكارى وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن لێژنه‌ی په‌روه‌رده و لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ مادده‌كانی (سی و پێنج، سی و شه‌ش، سی و حه‌فت)، كه‌تایبه‌ت بوون به (مافی خوێندن به زمانه‌كانی دیكه له قوتابخانه و خوێندنگه حكوومییه‌كان، قوتابییان و خوێندكارانى خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت، خوێندنی ئه‌لیكتڕۆنی) كرا و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و ماددانه و بڕگه‌كانیان خسته‌ڕوو و چه‌ندین پێشنیازیشیان به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پڕۆژه‌یاساكه خسته به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه.
له‌لایه‌ن وه‌زیری په‌روه‌رده و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیشه‌وه، ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه و بڕگه‌كانیان خرایه ڕوو.
به‌مجۆره د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد، كۆتایی به دانیشتنه‌كه هێنا.