سەرۆک بارزانی: کەنەدا لە شەڕی دژ بە داعش یارمەتیی پێشمەرگەی داوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە کریستۆفەر بیم باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتەکەی بەبایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەردەوام دەبێت لە فراوانترکردن و بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری 2024 لە سەرۆک بارزانی کرد کە لە کەشێکی ئارام و بە ڕێژەیەکی زۆری بەشداریی خەڵک بەڕێوە چوو و  بە پرۆسەیەکی نموونەیی وەسف کرد.”

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی حکوومەتی کەنەدای کرد کە لە شەڕی داعشدا یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی داوە و جەختیشی لە فراوانترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە.

ڕاشیگەیاند “پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەکە و سووریا و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تەوەری تری ئەم کۆبوونەوەیە بوون و پەیوەست بە بارودۆخی سووریا و چارەنووسی گەلی کورد لەو وڵاتە، سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بە مێژووی ئەو نەهامەتی و بێبەشبوونەدا کە لە سووریا بەسەر گەلی کورددا هاتووە و بۆ ئەوەی کارەسات و نەهامەتییەکان لەدژی گەلی کورد دووبارە نەبنەوە، جەختی لە پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانی سووریا کردەوە.”

دڵخوازەكانتان