سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كۆبووه‌وه‌

لە چوارچێوەی به‌رنامه‌ى سەردانه‌كه‌يدا بۆ بەغدا، به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/1/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز مەحموود ئه‌لمەشهەدانی، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، کۆبووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌کان تاوتوێ کرا و جه‌خت له‌ گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستووری عێراق، كرايه‌وه‌. هەردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى پەرەپێدانی هاريكاريى هاوبه‌ش، بە شێوەیەک کە یارمەتيی سەقامگیری و گەشەسەندن لە وڵاتدا بدات.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگيی ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەهێزکردنی دیالۆگی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، به‌تايبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا کردەوە.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی داوای له‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران کرد له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ڕۆڵی خۆیان ببینن، به‌ جۆرێک که‌ دادپه‌روه‌ری له‌ ده‌ستبه‌رکردنی ماف و شایسته‌ داراییه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا بکات،‌ به‌تایبه‌تی پرسی دابینکردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک هه‌موو ‌عێراق.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هەردوولا پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچه‌كه‌ و گۆڕانگارييه‌كانى سووريايان تاوتوێ کرد و جەختيان لەسەر گرنگيی هەماهەنگيی نێوان هەموو لایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه‌كان كرده‌وه‌.

دڵخوازەكانتان