سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵ كۆبووه‌وه‌

به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/1/13 له‌ به‌غدا، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ به‌ڕێز دادوەر جاسم محەمەد، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیى عێراق، کۆبووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گرنگيی ڕۆڵی دادگای فیدراڵی لە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا، هەروەها جه‌خت له‌ پابه‌ندبوون به‌ دەستووری عێراقه‌وه‌ كرايه‌وه‌، وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى گرنگى دادگاى باڵاى فيدراڵى له‌ ئه‌نجامدان و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و هاوكارى و يارمه‌تيدانى له‌ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌تايبه‌تيش له‌ پرسى مووچه‌ و شايسته‌ داراييه‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵى دادگاى له‌ پاراستنى پرۆسه‌ى ديموكراسى له‌ وڵات، به‌رز نرخاند.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستيی هاوکاريی نێوان دەسەڵاتە دادوەرییەکان و دامەزراوە فیدراڵی و هەرێمییەکاندا کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان له‌سه‌ر بنه‌ماى یاسایی و دەستووری بە جۆرێك کە بەهێزکردنی سەقامگیريی نیشتمانی و پاراستنی سەروەريی یاسا، دەستەبەر بکات.

کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچه‌كه‌ و گرنگيی بەدوورگرتنی عێراق لە ئاڵۆزييه‌كان و جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیريی وڵات، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

دڵخوازەكانتان