یادگار مەحموود بۆ موسەننا ئەمین: منەت بەسەر خەڵكەوە مەكە، داوای مافیانت نەكردووە و خەمی بەرژەوەندیی خۆتە
خانمە پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەداتەوە و داوای لێ دەكات چیتر منەت بەسەر خەڵكەوە نەكات، چونكە خەمی بەرژەوەندیی خۆیەتی و داوای مافی خەڵكی نەكردووە.
یادگار مەحموود، خانمە پەرلەمانتاری پارتی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نوسینێكی بڵاوكردۆتەوە دەڵێت:” موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەكگرتوو بۆ گەنجانی ناوچەی بالیسان گرتوویەتی: ” مادام دەنگتان بەو دوو حزبە داوە، موستەحەقی ئەوەن كیمیاییەكی ترتان لێ بدەن، زەلامتان لێ دەرنەچێت.“
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لەبارەی قسەكەی موسەنناوە دەڵێت: ”لە کەناڵ یان میدیا باوەڕپێکراوەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بانگەشەی کۆمەڵکوژی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ناو و ناوبانگی میدیاکەش خراپ دەکات، هەموو کەسێکیش دەتوانێت سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار بکات کە بانگەشە و هان و داوای کۆمەڵکوژی میللەتێک یان گرووپێک دەکەن.“
ڕوونیشی كردۆتەوە: ”موسەننا ئەمین لە لێدوانێکدا دەڵێت؛ (بە سوعبەتەوە گوتم مستەهەقی کیمیابارانن لەبەرئەوەی دەنگتان بە یەکگرتوو نەداوە!) دەپرسم لە پێناو کورسیی زیاتر بۆ حزبەکەت چۆن دڵت دێت ئەو قسەیە بکەیت؟ خۆ خەڵکی غەززە کیمیاباران نەکراون تۆ ئەمساڵ وەک نوێنەر بەشداریی کۆبوونەوەیەکت کرد لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوێدا بە هەموو هێزت و حەماسەوە بەرگریت لە غەززە کرد و بە یەک وشەش باست لەو زوڵم و پێشلێکردنەی دەستوور و یاسا و ڕێککەوتنانە نەكرد كە عێراق لەگەڵ هەرێمدا دەیكات! لەسەر وشەیەکی حەدیس بە هەڵە نووسرابێت بەڕێزت داروبەرد دەدەیت بەسەر یەکدا، بەڵام بە کورد دەڵێیت مستەهەقی کیمیابارانن!“
یادگار مەحموود دەپرسێت: ”باشە گریمان کاک موسەننا حزبەکەت بوو بە یەکەم، ئایا چی دەکەن بۆ کورد؟ خۆ ئێوە لقێکن لە ئیخوانی عەرەبی و تورکی و نە دوور و نە نزیک ستراتیژتان کورد و کوردستانی نییە.“
هاوكات هۆشداریشی پێداوە و نووسیویەتی: ”ئەو منەتەی دەیکەیت بەسەر خەڵکدا کە گوایە داوای مافیان دەکەیت، نەخێر داوای مافیانت نەکردووە، ئەوەی گوتووتە هەر بۆ بەرژەوەندیی خۆت بووە بۆ ئەوەی سێبارە و چواربارە هەڵببژێردرێیتەوە، نازانم لەو کاتەوەی پەرلەمان هەیە تۆ و چەند کەسێکی تر لە حزبە ئیسلامییەکان هەر نوێنەرن، مسۆگەرکردنی ئەو هەموو ساڵە نوێنەرایەتی بۆ ئێوە بەرهەمی خوێنی قوربانیانی کیمیاباران و ئەنفال و خەباتی کوردایەتییە نەک ئیخوانی، ئێوەش بە هەموو شێوەیەک تاکی کوردتان کردووە بە دوژمن لە خۆیی و لە مێژووی و لە خەباتی.“