” کورد هیچ چارەی نییە تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیار نەدات سەربەخۆ بێت “
سەرۆ قادر، سەرۆکی ئینستیتیۆتی توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستان دەڵێت: پەیەدە ئەگەر بیەوێت ئایدۆلۆژیانە بڕیار نەدات، پەکەکەش ئەگەر بیەوێت هاوکاری بەشێکی کوردستان بکات کە لەژێر هەڕەشەدایە، دەبێت بڕیاری سیاسی و ئیرادەی بڕیاردان بگێڕنەوە بۆ پەیەدە و پارتەکانی دیکە و بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەگەر ئایدۆلۆژیاکەیان ڕێگەیان پێ نەدات، ماڵی کورد لە ڕۆژئاوا وێران دەبێت.
سەرۆ قادر، سەرۆکی ئینستیتیۆتی توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستان گوتی: پەیەدە بە ناوەکانی کە هەیەتی لە یەپەژە و هەسەدە، ئەویش لقی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) یە و بەشێکی گرنگی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانە. سەرۆ قادر ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژئاوای کوردستان، سەرکردەکانی دەبێت ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە لە چ جوگرافیایەکی سیاسیدا دەژین، هەڕەشە و دەرفەتەکانی بەردەمیان چییە، ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان درێژترین سنووری لەگەڵ تورکیا هەیە، ئەو تورکیایەی مێژووی هەیە لە ئینکاریی کردنی گەلی کورد و کۆمەڵکوژکردنی، ئەو تورکیایەی ئەندازیاری سەرەکی لۆزانە، تورکیا بڕوای نەیەت پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان نەماوە، ڕاناوەستێت.
دەڵێت: دەرفەت لەبەردەم سەرکردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان یەکجار زۆرە کە هەڕەشە سەرەکییەکە کۆتایی پێ بێنن لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا پشتیوانیانە، زۆر جار چارەنووسی میللەتان دەفەوتێت لە ئەنجامی هەڵەیەکی شێرپەنجەیی کە بە قەبارە یاخوود ژمارە سەدا 10 بۆ 20 بێت، بەڵام بۆمبێکی بەهێزە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، چارەنووسی میللەتەکە دەگۆڕێت.
سەرۆ قادر گوتی: بڕیاری کشانەوەی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دەستی پەیەدە نەوەک پەکەکە، پەیەدە ئەگەر بیەوێت ئایدۆلۆژیانە بڕیار نەدات، پەکەکەش ئەگەر بیەوێت هاوکاری بەشێکی کوردستان بکات کە لەژێر هەڕەشەدایە، دەبێت بڕیاری سیاسی و ئیرادەی بڕیاردان بگێڕنەوە بۆ پەیەدە و پارتەکانی دیکە و بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەگەر ئایدۆلۆژیاکەیان ڕێگەیان پێ نەدات، ماڵی کورد لە ڕۆژئاوا وێران دەبێت.
لەبارەی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کە دەڵێت یان دەبێت چەک دابنێن، یاخود بە چەکەکانیان دەیان نێژین، سەرۆک قادر گوتی: کەنعان ئێڤرنی لە ساڵی 1992بەدواوە دەیگووت، لێم گەڕێن بچم بە دەبابە لە سەری بڵند بیانگرم و بیان هێنم لە ئەنقەرە بەندیان بکەم، بەڵام نەیتوانی، تورکیا هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی دابین بکرێت، ئەو هەستیارییەی بەرامبەر پەیەدە هەیەتی بە گرەنتی نێودەوڵەتی بۆی ڕوون بکرێتەوە، ناتوانێت لە سنوور تێپەڕێت، ئێستا کە لە سنوور تێپەڕیووە، بەشێکی هۆکارەکەی بارودۆخی سووریایە، بەشێکی دیکەی پەیوەستە بە سیاسەتی هەڵەی دوژمن بەخۆوەرکردنی پەیەدەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان پەیڕەوی دەکات.
سەرۆک قادر ئاماژەی بەوە کرد، بوونی پەکەکە، هەڕەشەی سەرەکییە بۆ مانەوەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئێستا سەردەمی یەکلاکردنەوەی ململانێکانە لە سووریا، زۆرجار ململانێکان بە ناهەق یەکلا دەکرێنەوە، دەشڵێت: ئەوەی لە سووریا ڕوویدا، تێکشکانی هیلالی شیعەیە، گوتی: دروشمی ئیسرائیل و ئەمەریکا گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
سەرۆ قادر دەڵێت: ڕووخانی ئەسەد و چوونی دەستەی تەحریر شام بە شایلۆغان هەروا بە ئاسانی نییە، ڕێگەیان بۆ چۆڵکرا، کەس بەرگریی نەکرد، میللەتیش پێشوازیی نەکردن، لە هیچ شارێک هەزار کەس پێشوازییان ناکات، ئەوە لە ڤیدۆکانەوە دیارە کە تۆمارکراون، ئەوان هێزێکی میلیشیایین کە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی هاوکاری کراون بۆ ئەوەی دۆخەکە یەکلایی بکەنەوە، ئەگەر ئەو کێشەیەی پەیەدە و پەکەکە هەیانە، شیعەی عێراقیش لەگەڵ ئێران و ئەسەد لە سووریا هەیانە، ئەگەر شیعەی عێراق، حەشدی شەعبی و حزبەکان لە هاوکاری کردنی ئێران بۆ بەردەوامیدان لە سووریا بەردەوام بن، ئیسرائیل و ئەمەریکا دەڵێن: لێیان دەدەین، ئەمەریکا و ئیسرائیل بەشێوەیەک بەهێزن، سڵ لە هیچ شوێنێک ناکەنەوە، دەشڵێت: هەرێمی کوردستان لەو مەترسیانە پارێزراو دەبێت چونکە سیاسەتێکی مەنتقیانەی هەیە بەرامبەر هەموو ڕووداوەکان، گوتی:هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران و عێراق و پەکەکە و پەیەدە، سیاسەتی خۆ پارێزی بەکارهێناوە لە شەڕ، گوتیشی: سلێمانی بەشێکە لە سیاسەتی ئێرانی لە ناوچەکە.
سەرۆ قادر سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە، ڕووسیا لە لاوازی لە سووریا پاشەکشەی کرد، گوتی: ڕووسیا لەوە لاوازترە جگەلە شەڕی لەگەڵ ئۆکرانیا، بتوانێت بەرەیەکی دیکەی شەڕ بکاتەوە، ڕووسیا ناتوانێت پێداویستی خۆی دابین بکات و سەربازانی بیانی دێنێت بۆ شەڕی دژی ئۆکرانیا.
گوتی: کورد هیچ چارەی نییە تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیار نەدات سەربەخۆ بێت.