وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاماداكاری بۆ به‌ڕێوه‌چوونی تاقیكردنه‌وه‌كان كردووه‌

هه‌فته‌ى داهاتوو پرۆسه‌ى تاقیکردنه‌وه‌ گشتییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌ست پێده‌کات و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش ئاماده‌كاری ته‌واوی بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كردووه‌.

فاتیح مه‌وله‌وى زاده‌، یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ئه‌زموونه‌کان له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: “ڕۆژى سێشه‌ممه‌ رێکه‌وتى 22-6-2021 پرۆسه‌ى تاقیکردنه‌وه‌ى خولى یه‌که‌مى پۆله‌ ناکۆتاکان (یه‌کى بنه‌ڕه‌تى _ یانزه‌ى ئاماده‌یی) له‌ هه‌ر ێمى کوردستان به‌ ڕێکاره‌کانى خۆپارێزى ده‌ست پێده‌کات و بۆ ماوه‌ى نۆ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت”.

گوتیشی: “ئاماده‌کاریى ته‌واو و پێویست له‌ نێو هۆڵه‌کانى تاقیکردنه‌وه‌ له‌ سنوورى ته‌واوى په‌روه‌رده‌کان کراوه‌، به‌ تابیه‌ت ئه‌وه‌ى  په‌یوه‌ندى به‌ دابینکردنى ئامێره‌کانى فێنککه‌ره‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌وڵ دراوه‌ ئه‌و گرفته‌ى که‌ ساڵانى پێشوو هه‌بوو، دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانکاریکردن له‌ پرۆگرامی خوێندنى ئه‌مساڵ و کورتکردنه‌وه‌ى هه‌ندێک مادده‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا: “بێگومان  له‌ ڕێگه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى پرۆگرامه‌کانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌ده‌، هه‌ماهه‌نگیى ته‌واو له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیى ئه‌زموونه‌کان کراوه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى دۆخى ته‌ندروستى و بڵاوبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا له‌مساڵدا، بۆیه‌ ته‌نها ئه‌و ماددانه‌ داخڵن یاخود قوتابى له‌و به‌ش و پرۆگرامانه‌ تاقیکرنه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات، که‌ وه‌ریگرتووه‌ و خوێندوویه‌تی، ورده‌کاریى ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌ ڕێگه‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتیى پرۆگرامه‌کانى وه‌زاره‌ت دراوه‌ته‌ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانى سنوورى په‌روه‌ده‌کان له‌ ته‌واوى پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکان”.

دڵخوازەكانتان