زۆرترین بابه‌تى فه‌توا لە مساڵدا كێشه‌ى خێزانى بووه‌

زۆرترین بابه‌تى فه‌توا كه‌ ئه‌مساڵ بۆ ئەنجومەنی باڵای فەتواى هه‌رێم نێردراون، “كێشه‌ى خێزانى” بووه‌، له‌دواى ئه‌وه‌ش بابه‌ته‌كانى میرات و زه‌وی و زار ریزبه‌ندى دووه‌میان گرتووه‌ و له‌هه‌رێمی كوردستان فه‌توایان له‌سه‌ر دراوه‌.

له‌ هه‌فته‌ى یه‌كه‌مى ساڵى نوێى 2025 كتێبی فه‌تواكان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نى باڵاى فه‌تواى هه‌رێم، كه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتى زانایانی هه‌رێمی كوردستانه‌، دوایین كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مساڵى ئه‌نجامدا، ئه‌و بابه‌تانه‌ى تاوێكرد كه‌ ئه‌مساڵ وه‌كو كێشه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هاتوون.

كێشه‌ى خێزانى یه‌كێك بووه‌ له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ زۆرترین پرسیارى لێ دروستكراوه‌ و بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان ناردووه‌

ئه‌مساڵ 2024 ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان چه‌ند فه‌تواى داوه‌ و چه‌ند فه‌تواش تایبه‌ت بووه‌ به‌ كێشه‌ى خێزانى، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، كه‌ ته‌واوى ئاماره‌كانیان له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

ئه‌و پرسیارانه‌ى ئه‌مساڵ بۆ ئه‌نجومه‌نى باڵاى فه‌توا هاتوون به‌ته‌نیا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ وه‌ڵامى هه‌موویانى نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وان 18 لیژنه‌ى لاوه‌كیشیان له‌ پارێزگاو ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان و قه‌زاكاندا هه‌یه‌ و ئه‌وانیش وه‌ڵامى به‌شێكیان داونه‌ته‌وه‌ .

“مه‌رج نییه‌ هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ى خه‌ڵك و ده‌زگاكان بۆ ئه‌نجومه‌نى باڵا ده‌ینێرن هه‌موویان بكرێنه‌ فه‌توا، به‌ڵكو به‌شێكی زۆریان وه‌ڵامى پێویست ده‌درێنه‌وه‌ و به‌شێكیشیان كه‌ تایبه‌تن به‌ نێوانى ژن و مێرد كاری ئاشته‌واییان بۆ كراوه‌”

سەباره‌ت به‌و كتێبه‌ى كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ فه‌تواكانى 14 ساڵى رابردوو كه‌ له‌ دووتوێی كتێبێك به‌چاپ ده‌گه‌یه‌ندرێت، وته‌بێژى یه‌كێتى زانایان وتى “كتێبه‌كه‌ ئاماده‌كراوه‌ و نزیكه‌ى 200 فه‌تواى له‌خۆگرتووه‌، به‌ڵام به‌هۆى هاتنه‌پێشه‌وه‌ى پشووه‌كانى سه‌رى ساڵ وابڕیاره‌ له‌ یه‌كه‌مین هه‌فته‌ى ساڵى نوێ له‌ مه‌راسیمێكدا بڵاویبكه‌ینه‌وه‌”.

ئه‌و فه‌توایانه‌ى له‌و كتێبه‌دا كۆكراونه‌ته‌وه‌، هی ساڵانى 2010 تاوه‌كو 2024 ـن، زۆربه‌ى ئه‌و فه‌توایانه‌ش كه‌ له‌ پێش ساڵى 2010 دراون، پێشتر له‌ گۆڤارى په‌یامى زانایانه‌ یه‌كێتی زانایان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.

لیژنه‌ى فه‌توا، له‌ ساڵى 1970 له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى یه‌كێتى زانایانى ئایینى كوردستان دروستكراوه‌ و تاوه‌كو ئێستا به‌سه‌دان فه‌توای له‌باره‌ى بابه‌تى جیاجیاوه‌ ده‌ركردووه‌.

د. عه‌بدوڵا شێركاوه‌یی، وتەبێژی یه‌كێتى زانایان ئەم قسانەی بۆ 964 كردوە

دڵخوازەكانتان