بودجە بۆ قیرکردنی ڕێگای دوو گوند تهرخان دەکرێت
لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی قیرکردنی ڕێگای ھەریەک لە گوندەکانی (خەمزە) و (چالگە) لە سنووری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ دهكرێت.
فوئاد حەمەباقی، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕێگاوبانی سلێمانی ڕاگەیاند: “لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە بڕی (٢٢٧ ملیۆن) دینار پڕۆژەی چاککردنەوە و قیرتاوکردنی ڕێگای گوندی (خەمزە) لە سنووری ناحیەی سیتەکی قەزای شارباژێر جێبەجێ دەکرێت کە درێژیەکەی (٢٧٠٠ مەتر) ە.”
گوتیشی: “تائیستا ٧٥٪ی کارەکانی ئەو پڕۆژەیە تەواوبووە کە بە تەواوبوونی وێڕای خزمەت بە دانیشتوانی گوندەکە، ژمارەیەک گوندی دیکەش بە ڕێگەی سەرەکی ئەزمەر- سلێمانی دەبەستێتەوە”.
باسی لەوەش کرد، بەدەر لەوەش لە سنووری قەزای قەرەداغ، پرۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگای گوندی چاڵگە بە بڕی (٢٩٣ ملیۆن) دینار بە درێژیی (٣٢٠٠ مەتر) جێبەجێ دەکرێت کە تائیستا ٩٠٪ ی کارەکانی تەواو بووە، ھاوکات ڕێگای گوندی (گوڵەجۆ) لەھەمان سنوور کاری تێکەڵەرێژکردنی بۆ دەکرێت و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا قیڕ بکرێت.