پێش سەری ساڵ مووچەیەكی دیكە دابەشدەكرێت
لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، گوژمەیەکی پارە بۆ مووچەی مانگی تشرینی دووەم نێردراوە و چاوەڕێی جێبەجێکردنی گواستنەوەی گوژمەیەکی دیکە دەکەن. گوتیشی، “پێش سەری ساڵ دابەش دەکرێت و ئەگەری هەیە مانگی 12ش دابەش بکرێت”.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ” وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییەوە بڕی 631 ملیار و 335 ملیۆن دینار لە کۆی تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق”.
بۆ مووچەی مانگی تشرینی دووەمی 2024، وەک گوژمەی یەکەم 631 ملیار دینار نێردراوە و نزیکەی 300 ملیار کورتهێنان هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، “چاوەڕێین 430 ملیار دینارەکە بنێردرێت بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ش بکەین”.
ئەگەر بەغدا ئەو 430 ملیار دینارەی بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچە نەنارد، ئەوا لە داهاتی ناوخۆ ئەو کورتهێنانە پڕ دەکەینەوە و مووچە دابەش دەکەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەر 430 ملیار دینارەکە نەگواسترایەوە، پێش سەری ساڵ مووچەی مانگی 11 دابەش دەکرێت، لیستی مووچەی مانگی 12 لە وردبینیی ژمێرکاریدایە و ئەگەری هەیە پێش سەری ساڵ مووچەی مانگی کانوونی یەکەمیش دابەش بکرێت”.
بەپێى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت لە 10 رۆژدا تێبینییەکان لەبارەى لیستى مووچە چارەسەر بکرێن، ئەو 10 رۆژە لە 15ى کانوونى یەکەمە دەستیپێکردووە.
رۆژی 15ى کانوونى یەکەمى 2024، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی فیدراڵ رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنى رێکارەکان بۆ ناردنى پارەى مووچەى مانگى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە پاش نزیکەی دوو مانگ، دوێنێ سێشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.