خۆپیشاندان فراوانتر دەبێت ..ئەمریكا هێلی ئینتەرنێت بۆ ئێرانییەكان دابین دەكات

لەگەڵ نوێبوونەوەی خۆپێشاندانەكانی ئێران، دەسەڵاتدارانی تاران پەنا دەبەنە بەر لەكارخستنی خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت بەمەبەستی تەمومژاویكردنی ئەو سەركوتانەی كە دژی خۆپیشاندەران دەیكەن، وەك ڕێكخراوی مافی مرۆڤ دەڵێت: لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەدا لانیكەم 50 كەس كوژراون.
دوای كوژرانی ژینا ئەمینی، چەند ڕۆژێكە خۆپیشاندان و نارەزایی لە شارەكانی ئێران دەستی پێكردووەو ڕۆژی هەینی-یش بە هەزاران خۆپیشاندەر لە شارەكانی ئێران ڕژانە سەر شەقامەكان
لەلایەن خۆیانەوە ڕێكخراوە ناحكومییەكان سەركوتكردنی خۆپیشاندەران شەرمەزار دەكەن، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش هێلی ئینتەرنێت یان پچڕاندووەو ئەپڵیكەیشنەكانی واتسئەپ و ئینستاگرام لەكار كەوتوون، لە كاتێكدا واشنتۆن ڕێوشوێنی پشتیوانی لە ئازادی ڕۆیشتنی زانیاری بۆ گەلی ئێران ڕاگەیاندووە. 
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا  دوێنی هەینی، لە بەیاننامەیەكدا، سووككردنی سنوورداركردنی هەناردەكردنی تەكنەلۆجیای ڕاگەیاند كە بەسەر ئێراندا سەپێندراوە، كە ڕێگە بە كۆمپانیاكانی تەكنەلۆجیای ئەمریكی دەدات، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بۆ ئێرانییەكان فراوانتر بكەن.
لەوبارەیەوەش ئاڵپ تاكەر، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی نێتبلۆكس كە ڕێكخراوێكی ئاسایشی ئەلیكترۆنییە و بنكەكەی لە لەندەنە، گوتی: ئەمریكا دەتوانێت پشتیوانی لە ئازادی ئینتەرنێت لە ئێران و لە سەرانسەری جیهان بكات بە هاندانی پەرەپێدانی ڕێگاچارەی نوێ بۆ دەربازبوون لەو سنوورداركردنانەی كە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە سەپاندوویەتی.
تۆكەر لە لێدوانەكانیدا بۆ حورە، جەختی لەوە كردەوە كە تۆڕەكانی ئینتەرنێت لە هەموو شارەكانی ئێران “لە ژێر كۆنترۆڵی تونددان”.
هەروەها ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا دوێنێ هەینی ڕایگەیاند، ئەمریكا ڕێگە بە كۆمپانیا تەكنەلۆژییەكان دەدات خزمەتگوزاری دیجیتاڵی زیاتر پێشكەش بە خەڵكی ئێران بكەن.
ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو هەنگاوانەی واشنتۆن پەسەندكراون “یارمەتیدەر دەبن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەكانی حكومەتی ئێران بۆ چاودێری و سەپاندنی سانسۆڕ بەسەر هاوڵاتیانیدا”.
 

دڵخوازەكانتان